وەزیری دارایی: هەموو هەوڵەکانمان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق خستۆتەگەڕ

وەزیری دارایی و بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان
وەزیری دارایی و بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵەکانیان خستۆتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تا هیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت.

رۆژی دووشەممە (4ـی ئاداری 2024) ئاوات شێخ جەناب، لەمیانی پێشوازیکردنی لە بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران.

وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا لەسەر هەمواری یاسای بودجە و چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتبوونە رێککەوتن و چاوەڕێبوون لەڕێی هەمواری یاساکەوە لە پەرلەمانی عێراق، کێشەکە چارەسەر بکرێت و مووچە لەهەموو کێشە و ململانێیەک جیابکرێتەوە، بەڵام قەیرانی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کێشە سیاسییەکان تا ئێستا رێگربوون لەچارەسەری ئەو بابەتە.

هەروەها ئاوات شێخ جەناب، ئاماژەی بەوەشکرد، وەک وەزارەتی دارایی هەماهەنگی تەواویان لە گەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەیە و ماوەی 10 رۆژە تیمە هاوبەشەکان سەرقاڵی وردبینین لە خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستان.

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی"هەموو هەوڵەکانیان خستۆتە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تا هیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت".

لەلایەن خۆشیەوە، تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەهەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بگەنە رێککەوتن لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران.