مامۆستایەکی زانکۆ: راپەڕینی ساڵی 1991 بەرهەمی خەباتی پێش سەردەمی خۆی بووە

راپەڕینی ساڵی 1991
راپەڕینی ساڵی 1991

K24 - هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ رایگەیاند، راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بەرهەمی شۆڕش و خەباتەکانی پێش سەردەمی خۆی بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئاداری 2024، د. محەممەد کاکە سوور، مامۆستای زانکۆ، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بەرهەمی راستی ئەو سەردەمە بووە، بەڵام لە هەمانکاتدا بەرهەمێکی مێژووییە لە ئەنجامی شۆڕش و راپەڕینەکانی پێش خۆی بووە.

بەگوتەی ئەو: "لە کوردستانی عێراق هەر لە ساڵی 1914وە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە، شێخ ئەحمەد و شێخ مەحموود و مەلا مستەفای بارزانییەوە هەموو ئەو خەباتانە لە کاتی خۆیدا لەبەری ئەوەی بارودۆخی نێودەوڵەتی گونجاو نەبووە بەتەواوی ئامانجەکانیان نەپێکاوە".

محەممەد کاکە سوور رایگەیاند، بە سوور بوونی کورد و بەردەوامی بۆ خەبات بۆ ماوەی سەدەیەک، دەتوانین بڵەین راپەڕین بریتییە لە ترۆپکی ئەو خەباتانە بەگشتی. ئەنجامی خەباتی ساڵی 1991 بوو، بەڵام دابراو نەبوو لەسەردەمەکانی پێشخۆی، ئەوەی جیاشی دەکات و بارودۆخەکەیە کە گونجاوتر بوو بە بەراورد بە شۆڕش و راپەڕینەکانی پێشووتر. چونکە ئەوکات جیهان زیاتر لە مافەکانی کورد دەگەیشت، یەکجەمسەری بوو.