سەرۆک بارزانی: ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا هه‌بووه‌ و ده‌شمێنێ

سەرۆک بارزانی: دەستكەوتەكانی راپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون
سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 – هەولێر

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی راپەڕین پیرۆزبایی لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت " پێویستە  دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی راپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن".

هەر لە پەیامەکەدا هاتووە: "راپەڕین درێژكراوەی خەباتی دەیان ساڵە و بەرهەمی خۆڕاگریی و ماندووبوون و خوێنی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو و بووە دەستپێكێكی تازە و ئومێدێكی نوێ لە ژیانی گەلەكەماندا. خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکار پەیامێکی زۆر روون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا هه‌بووه‌ و ده‌شمێنێ".

 

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی راپەڕین

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و سێیەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.

راپەڕین درێژكراوەی خەباتی دەیان ساڵە و بەرهەمی خۆڕاگریی و ماندووبوون و خوێنی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو و بووە دەستپێكێكی تازە و ئومێدێكی نوێ لە ژیانی گەلەكەماندا. خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکار پەیامێکی زۆر ڕوون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا هه‌بووه‌ و ده‌شمێنێ.

دەستكەوتەكانی راپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون. لە یادی ڕاپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە  دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن.

سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین

و تێكڕای شەهیدانی رێگەی رزگاریی كوردستان

مەسعود بارزانی

5ـی ئاداری 2024