گوتەبێژی حوسییەکان: کەشتیەکی بازرگانیی ئیسرائیلمان کردە ئامانج

K24 - هەولێر

گوتەبێژی حووسیەکانی یەمەن رایگەیاند، شەوی رابردوو لە دوو هێرشی جیاوازدا کەشتیەکی بازرگانی ئیسرائیلی و یەکەیەکی درۆنی سوپای ئەمەریکایان لە دەریای سوور بەئامانج گرتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئاداری 2024، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسیەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی یەمەن هێرشێکی وردیان کردە سەر کەشتی ئیسرائیلی ئێم ئێس سی سکای لە دەریای عەرەب. و چەند مووشەکێکمان بەکارهێنا و ئامانجەکەمان بەتەواوی پێکا.

بە گوتەی ئەو گوتەبێژە: "هێرشەکەمان بۆسەر ئەو کەشتییە ئیسرائیلییە تەنها دوای چەند کاتژمێرێک لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازییمان بۆسەر چەند یەکەیەکی درۆنی و کەشتی جەنگی ئەمەریکا لەدەریای سوور هات".

یەحیا سەریع هۆشداریشدا، تا هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە، هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییە ئیسرائیلی و هاوپەیمانەکانیان لە دەریای سوور بەردەوام دەبێت.

راشیگەیاند، بەردەوام دەبین لە رێگیرکردن لە کەشتییە ئیسرائیلییەکان و هاوپەیمانەکانیان تا ئەوکاتەی گەمارۆی سەر غەززە هەڵدەگیرێت.