لەم مانگەدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر – دیاربەکر دەستپێدەکەنەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

K24 - هەولێر

شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دیاربەکر لە هەولێرە و، لەم مانگەدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر – دیاربەکر دەستپێدەکەنەوە. سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیاربەکریش رایدەگەیەنێت، "ئامانجی سەرەکیمان بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانییە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 05-03-2024، شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دیاربەکر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد کایا، سەرۆکی ژوورەکە سەردانی هەولێری کرد و، لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و، سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگاکە پێشوازییان لێ کرا.

پارێزگاری هەولێر: هێڵی ئاسمانی راستەوخۆی هەولێر – دیاربەکر دەستپێدەکاتەوە

لەبارەی سەردانەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دیاربەکر؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە دیدارەکەماندا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ژووری بارزگانیی هەولێر و دیاربەکر کردەوە کە لە رابردوودا پەیوەندییەکی زۆرباش لەنێوانیادا هەبووە. ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر، پشتیوانی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان دەکەین".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "شاندەکە ئەو هەواڵە خۆشەیان پێداین کە بەمزووانە جارێکی دیکە هێڵی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان هەولێر – دیاربەکر دەستپێدەکاتەوە. بەدڵنایییەوە ئەمە خزمەتی هەردوولامان، خەڵکی هەردوو پارێزگاکە، بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و جووڵەی بازرگانی دەکات".

وڵاتی تورکیا، وەکو ئەوەی ئومێد خۆشناو باسی کرد، "بۆ ئێمە زۆر گرنگە. پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە هەموو ئاستەکاندا باشە، بەڵام پەیوەندیی نێوان ژوورە بازرگانییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا باشتر ببن".

پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "کۆتایی مانگی چواری داهاتوو (نیسان) ژووری بازرگانیی دیاربەکر پێشانگایەکی هەیە. ئێمەیان بانگهێشت کردووە و، ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتنامەکەمان قبووڵکردووە. بەشداریکردن لەو جۆرە پێشانگایانە دەبێت هۆی زیاتر لەیەکدی ناسینی کەرتی تایبەت، کۆمپانیاکان و کەرتی گشتی".

سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیاربەکر: وا هەست دەکەین لە ماڵی خۆمانین

ئەحمەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیاربەکر لە لێدوانێکیدا، لەبارەی سەردانەکەیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە ساڵی 2008ـەوە پەیوەندیی بازرگانیمان لەگەڵ ژوورە بارزگانییەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەیە و دەمانەوێت پەرەیان پێ بدەین. هاوکات لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین رێککەوتنی بازرگانیمان واژوو کردووە".

محەمەد کایا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، "وا هەست دەکەین لەماڵی خۆمانین. ئامانجی سەرەکیمان بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانییە. دەمانەوێت بەربەستەکانی وەک کێشەی ڤیزە بەلاوەبنێین".

لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر – دیاربەکریش، کایا گوتی، "لە ماوەی ئەم مانگەدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و دیاربەکر دەستپێدەکەنەوە. ئەمە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکان تا پێکەوە کار بکەین، هەردوولا سوودمەند دەبین و دەتوانین لە جیهان کەرتی بەهێز دروست بکەین".

سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیاربەکر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە ساڵی 2014 نزیکەی 13 ملیار دۆلار هەناردەمان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەبوو؛ لە ساڵی 2022 تازە گەیشتووین بە 14 ملیار دۆلار. ئەمە بۆ ئێمە بەس نییە و باوەڕمان وایە لەگەڵ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، هەماهەنگی و هاوبەشی کار زیاتر دەبێت و ئەمەش لەڕێگەی پارێزگار و ژوورەکانی بازرگانییەوە دەبێت".