پسپۆرێکی مێژوو: ئەو ناوەندگەرایەی لە بەغدا هەیە لە هەموو کاتێک مەترسیدارترە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە یادی 33 ساڵەی راپەڕینی گەلی کوردستان و دژایەتیکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک لایەنی توندڕەوی عێراق، فرسەت مەرعی، مامۆستای زانکۆو پسپۆری مێژوو بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو ناوەندگەراییەی ئێستا لە بەغدا هەیە، مەترسییەکەی لەسەر قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتێکدا زیاترە و دەیانەوێت دەستوور بگۆڕن و پێگەی هەرێم لە ئۆتۆنۆمییەکەی سەردەمی رژێمی بەعسیش بچووکتر بکەنەوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، لەبەغدا کار لەسەر نەهێشتنی ئەو دەستکەوتانەش دەکەن، کە لە رێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 لەسەر دەستی بارزانی نەمر بە دەستهاتوون، ئەمەش نیازێکی خراپە دژ بە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر.

فرسەت مەرعی دەڵێ؛ سوڕەتی ئەنفال کاتێک دابەزیوە، کە کۆمەڵکوژی مەسیحییەکانی نەجران کراوە، بەڵام تاوانەکە نەجران بە ئەندازەی قڕکردنی گەلی کورد گەورە نەبووە لە مێژوودا، جیا لەمە ئەو تاوانانەی دژ بە گەلی کورد کراون لە سەردەمی بەعش لە ئەنفال و کیمیاباران، زۆر لە تاوانی جینۆسایدکردنی گەلێک گەورەترە، بەڵام ئەو نیازە خراپەی ئێستا لە بەغدا دژی هەرێمی کوردستان هەیە زۆر لەو تاوانانە گەورەتر و مەترسیدارترە.

ئەم پسپۆرە مێژووییە دەڵێ؛ سەرکردە ئیسلامییە شیعەکانی عێراق ئەو کاتەی لە شاخەکانی کوردستان داڵدەدرابوون و ژیانیان پارێزراوبوو بەڵێنی هەموو مافێکیان بە سەرکردایەتی سیاسیی کورد دابوو، بەڵام ئێستا کە گەیشتوونەتە دەسەڵات بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان نا پاکن و پابەندی بەڵێنەکانی سەردەمی خەبات و شۆڕشی دژ بە بەعس نین، دەیانەوێت هەمان سیاسەتی سەرکوتکاری ئێران دژ بە گەلی کورد پیادە بکەن و پاوانخوازی دەسەڵاتی تەواوی عێراق بکەن، مەرامیانە هیلالی شیعی لە ئەفغانستان تاوەکوو لوبنان و سەر دەریای ناوەڕاست دابمەزرێنن، بەڵام هەرێمی کوردستان بەربەستە لەبەردەم دروستبوونی ئەو هیلالە، هەر ئەمەش هۆکارە دژایەتیکردنی هەرێم و بڕینی مافە دەستووریی و داراییەکانی لەلایەن بەغداوە.