وادەی تۆمارکردنی بایۆمەتری درێژکرایەوە و دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتیش کرایەوە

فەرهاد ئەسعەد بەرپرسی تۆمارکردنی پارتە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
فەرهاد ئەسعەد بەرپرسی تۆمارکردنی پارتە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکانی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و تاوەکوو 14ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. هەروەها دوا وادەی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ 10ی ئەم مانگە درێژکردەوە.

جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی کۆمیسیاران خشتە کاروچالاکییەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکردووە، کە بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ پرۆسەکە بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.

بەگوتە غەلای، ئەنجومەنی کۆمیسیاران رەزامەندیداوە لە سەر پێکهێنانی لیژنەکانی سەرپەرشتکردنی نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رۆژی 6ی ئەم مانگە، کە دوا وادەی تۆمارکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بوو، ئەنجومەنەکە چوار رۆژی دیکەی درێژکردەوە رۆژی 10ی ئاداری 2024 دوا وادەی تۆمارکردنی بایۆمەتری دەبێت.

سەبارەت بە تۆمارکردنی لیست و هاپەیمانێتییەکان، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەیداوە، دوو پارتی سیاسیی یان زیاتر دەتوانن بە یەک هاوپەیمانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆیان تۆمار بکەن، بەو مەرجەی پارتەکان پێشتر لە فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکردبێت.

هەروەها رایگەیاندووە، لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردندا، هەر پارتێک بۆی هەیە تەنیا لە یەک هاوپەیمانێتیدا بەشدار بێت.

لە بارەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان، فەرهاد ئەسعەد بەرپرسی تۆمارکردنی رێکخراو و پارتە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 گوتی: ئەمڕۆ یەکەم رۆژی تۆمارکردنی هەر کاندیدێکی سەربەخۆ، یان پارتێکی سیاسییە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرۆسەکە تاوەکوو 14ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

گوتیشی: ئەمڕۆ دوو پارتی سیاسیی و سێ کاندیدی سەربەخۆ پەیوەندییان بە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە کردووە بۆ خۆ تۆمارکردن، بۆ ئەو مەبەستە رێنمایی تەواویی یاساییان پێدراوە، بەڵام هێشتا هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ و پارت و هاوپەیمانییەکی سیاسی خۆیان تۆمار نەکردووە.

فەرهاد ئەسعەد ئاماژەیدا، نزیکەی 39 پارت و رێکخراوی سیاسیی مۆڵەتی یاساییان هەیە و دەتوانن بۆ بەشداریکرن لە هەڵبژاردنی گشتی هەرێمی کوردستان خۆیان تۆمار بکەن. گوتیشی: دوو کارمەندی کۆمیسیۆنی باڵا لە بەغداوە هاتوونەتە لقی هەولێر بەمەبەستی هاوکاریکردنی بەشەکانی لقەکە تاوەکوو تەواوبوونی پرۆسەکەش ئەو دوو کارمەندە لە هەولێر دەمێننەوە.