بۆچوونەکان سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق خەریکە دەگۆڕێن

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکا لەنێو عێراق
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکا لەنێو عێراق

K24 - هەولێر

دەنگ و هوتافی بەشێک لە گرووپ و لایەنە شیعییەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، لە دوای وەڵامە توندەکانی ئەمەریکا لاوازبوون.

بۆچوونەکان سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق خەریکە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت؛ جیاواز لە کورد و سووننە، خەریکە بەشێک لە شیعەکانیش دێنە سەر ئەو بڕوایەی کە لەو پرسەدا نەرمی بنوێنن.

لە میانی پانێلێکی دیداری رافیدەین، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، گفتوگۆکردن لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان و دروستکردنی پەیوەندی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانییە بەردەوامە و پرۆسەکە بە "ئەرێنی" وەسف دەکات.

سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتی: "کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی و دروستکردنی پەیوەندی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ئەندام و لێکەوتەکانی بوونی ئەو هێزانە و ئەرک و دەسەڵاتەکانیان لە نێو عێراقدا بابەتێکە ناکۆکی لەسەرە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانان وەستاندووە بۆ ئەوەی بوار بە حکومەت بدەن رۆڵی خۆی بگێرێت و گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان بکات، ئەمە کارێکی باشە و یاریمەتیدەر دەبێت لە بونیادنانی ئەزموونی خۆمان و گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ عێراق".

جیاواز لە بەشێک لە شیعەکان، کورد و سوننە هەمیشە دژی بۆچوونی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیان بوونە و مانەوەی ئەو هێزانەیان بە گرنگ و پێویست بۆ سەقامگیری عێراق لەقەڵەمداوە.

هەر لە دیداری رافیدەیندا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، هێشتا هەڕەشەی داعش کۆتایی نەهاتووە و دۆخی عێراق بەتەواوی سەقامگیر نییە، هەر بۆیە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق بە پێویست دەزانن.

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گوتی: "دۆخی ئەمنی عێراق لەدوای شەڕی غەززەوە ئاڵۆزبووە. بەشێک لە لایەنەکان دەیانەوێت ئەمەریکا بڕوات و بەشێکی دیکەیان تێبینیان هەیە، ئەمە وایکردووە دۆخەکە ئاڵۆزبێت. عێراق پەیوەندی باشی لەگەڵ دراوسێکانی و ئەمەریکاش هەیە، پێویستە ئەم پەیوەندییانە لەبەرژوەندی گەلەکەی بەرکابهێنێت".

 بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبەر چەند هۆکارێک هاتنە عێراقەوە کە ئێستا زۆرینەی ئەو هۆکارانە بوونیان نییە؛ بەڵام هەڕەشەکان لەسەر عێراق هێشتا کۆتاییان نەهاتووە. پێموایە باشترە ئەمریکی و بەریتانییەکان لە عێراق بمێننەوە، بەڵام لەچوارچێوەی رێککەوتنی جیاواز و نوێدا.  ئەمریکییەکان داگیرکەرنین بەڵکوو میوانن و لەسەر بانگهێشتی ئێمە هاتوون".

نەبوونی متمانەی سوننەکان بە سوپا و هێزی عێراقی بۆ پاراستنی گیانیان، وایکردووە هەمیشە پاڵپشتی لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بکەن و ترسیان لە دەرهاویشتەکانی دەرچوونی ئەو هێزانە هەبێت.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەی سووننی دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت دامودەزگا ئەمنییەکانی دوڵەت بە شێوەیەکی درووست بوونیاد بنرێن و لەگەڵ پێشکەوتنی جیهاندا بن، بۆ ئەوەی بتوانن دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکان لە ئەستۆ بگرن، بەڵام لایەنی ئەمنی کێشەی گەورەی پارێزگاکانی ئێمە بوو، کشانەوەی سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە هەندێك ماوەی دیاریکراودا، نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی تیرۆرستان دەست بەسەر هەندێك ناوچەدا بگرن و خراپەکاری بنێنەوە. بۆیە بڕیاری راستەقینەی ئێمە سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان، پشتگیرییکردنی حکومەتی محەمەد شیاع سوودانییە؛ لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا".

لەدوای دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، لایەن و گرووپە چەکدارە شیعییەکان هەوڵەکانییان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا چڕ کردەوە، بەڵام لەدوای وەڵامی سەربازی ئەمەریکا، جۆرێک نەرمی نواندن لەو بۆچوون و داوایەی شیعەکان بەدی دەکرێت.