وەزیری پەروەردە: لە کابینەی نۆیەم کارەبای بە سیستمی وزەی خۆر بۆ 60 قوتابخانە دابینکراوە

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ماوەی کابینەی نۆیەم کارەبای بە سیستمی وزەی خۆر بۆ 60 قوتابخانە دابینکراوە و پلان هەیە بۆ ئەوەی سیستەمەکە بۆ 72 قوتابخانەی دیکەش دابین بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 05-03-2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (60) قوتابخانە کارەبای بە سیستمی وزەی خۆر بۆ دابینکراوە، کە 33 قوتابخانەیان لە سەر بودجەی ڕێکخراوی یونسێف بووە.

بە گوتەی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە پلانی داناوە بۆ ئەوەی 72 قوتابخانەی دیکەش دابینکردنی کارەبای بکرێتە وزەی خۆر لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئالان حەمە سەعید لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "لەسەر بودجەی ڕێکخراوی یونسیف لەمساڵدا (35) قوتابخانەی دیکەش دابینکردنی کارەبای دەکرێتە  وزەی خۆر".