ئەردۆغان ئاماژە بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لە دژی پەکەکە دەدات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

لە سەروبەندی هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا کەکەمتر لە مانگێکی ماوە، ئەردۆغان ئاماژە بە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە دژی پەکەکە دەکات و رایگەیاند: لە ئایندەیەکی نزیکدا لەرێگەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بازنەی ئەمنی لە عێراق تەواو دەکەن و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیاش وەک بانگەشەی هەڵبژاردن سه‌یری ده‌كات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەرێگەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بازنەی ئەمنی لە عێراق تەواو دەکەن، ئەم قسەیە لە میدیاکانی جیهان وەک ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنێکی دیکە لە دژی پەکەکە لێکدانەوەی بۆکرا، هاوکات هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش نزیک بووەتەوە و ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵات بەوە تۆمەتبار دەکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێک، دەسەڵات باسی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکات.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە (31ـی ئاداری 2024) بەڕێوەدەچێت، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە رێگەی په‌یام و به‌ڵێنی جیاوازەوە هەوڵی راکیشانی سەرنجی دەنگدەرانیان ده‌ده‌ن. یەکێک لەوانە گوتارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بوو دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت رایگەیاند، لەرێگەی ئۆپراسیۆنەکانەوە بازنەی ئەمنی لە عێراق تەواو دەکەن.

ئەردۆغان گوتیشی: "لە شەڕی دژی تیرۆر، لە ناوەوە و دەرەوە، هیچ ئاستەنگێک قبوڵ ناکەین و هیوادارم هاوینی ئەمساڵ، پرسی ئاسایشی سنووری عێراق چارەسەر ببێت. لەسەر سنووری سووریا، هەوڵەکانمان بۆ دروستکردنی هێڵێک بە قووڵایی 30-40 کیلۆمەتر بەردەوامە. ئێمە بەشێک لەم رێگەیەمان بە ئۆپراسیۆنەکانی پێشوو دروستکردبوو. ئێمە خاوەن بڕیارین بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە ماون بە هەنگاوی نوێ، داوا لە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە دەکەین رێز لە ستراتیژی ئەمنیمان بگرن".

سوپای تورکیا لە (27ـی مانگی ئایاری 2019)ـەوە تا ئێستا چه‌ندین ئۆپراسیۆنی وشکانی و ئاسمانی لە سنووری هەرێمی کوردستان ئه‌نجامداوه‌ کە کۆتاهەمینیان ئۆپراسیۆنی چڕنوک قوفڵە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بریتین لە:

چڕنوک-1 (27.05.2019)، چڕنوک-2 (12.07.2019)، چڕنوک-3 (23.08.2019)، چڕنوک-پڵنگ (16.06.2020)، چڕنوک-بروسک 23.04.2021)، چڕنوک-تریشقە (23.04.2021)، چڕنوک-قوفڵ (17.04.2022).

قسەکانی ئەردۆغان لەبارەی عێراق و ئۆپراسیۆنی سەربازی، دەنگدانەوەی لە میدیاکانی جیهانیش هەبوو، زۆربەی هەرە زۆریان وا لێکیان داوەتەوە کە تورکیا دەیەوێت وەک گورزی کۆتایی ئۆپراسیۆنێکی فراوان لە سنووری هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە بەڕێوەببات. ئەگەرەکانی تایبەت بە ئۆپراسیۆنێکی نوێ زیاتر بەهێز بووە دوای ئەوەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمه‌ریکایە و رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و یەپەگە سەرەکیترین تەوەری دانیشتنەکانی دەبێت.