ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمی ئێران راگەیەندرا

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران ئەنجامەکان رادەگەیەنێت - وێنە: AFP
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران ئەنجامەکان رادەگەیەنێت - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی خولی دوازدەهەمی پەرلەمانی ئەم وڵاتەی راگەیاند و بەپێی ئەنجامی کۆتایی، لە 290 کورسیی پەرلەمان چارەنووسی 84%ـی کورسییەکان یەکلایی بووەتەوە و بناژۆخوازان تا ئێستا 60%ـی کورسییەکانی پەرلەمانیان بردووەتەوە و ریفۆرمخوازان تەنیا 11%ـی کورسییەکانیان بەدەست هێناوە.

سێ رۆژ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و وەک چاوەڕێ دەکرا، بناژۆخوازان کە زۆرترین بەربژێریان لە فلتەری ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور تێپەڕیبوو، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە.

پەرلەمانی ئێران 290 ئەندامی هەیە. بە گوێرەی ئەنجامەکان بناژۆخوازان تا ئێستا 172 کورسییان بەدەست هێناوە کە زیاتر لە 60%ـی کورسییەکانی پەرلەمانە. لە بەرانبەردا ریفۆرمخوازان تەنیا 32 کورسییان مسۆگەر کردووە و بەربژێرە سەربەخۆکانیش تەنیا 27 کورسییان بەدەست هێناوە. هەشت کەس لەوانەی هەڵبژێردراون ئاراستەی سیاسییان دیار نییە. چارەنووسی 46 کورسی کە 16یان هی تارانن لە خولی دووهەمدا یەکلایی دەبێتەوە و پێنج کورسیی پێکهاتە ئایینییەکانیش یەکلایی بووەتەوە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێنج پارێزگا 38 کورسییان هەیە. پارێزگای ورمی کە گەورەترین پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانە و دوو پێکهاتەی سەرەکیی کورد و تورک لێی دەژین 12 کورسیی هەیە کە چارەنووسی هەموویان یەکلایی بووەتەوە و ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئێراندا کورد توانی لەم 12 کورسییە حەوت کورسی بباتەوە. لەم پارێزگایەوە 5 بناژۆخواز کە سێ کەسیان تورکن، سێ ریفۆرمخواز کە دوو کەسیان کوردن و چوار سەربەخۆش کە دوو کەسیان کوردن چوونەتە پەرلەمان.

پارێزگای لوڕستان نۆ کورسیی هەیە کە چارەنووسی حەوت کورسییان یەکلایی بووەتەوە. لەو حەوت کەسەی لەم پارێزگایەوە چوونەتە پەرلەمان پێنج کەسیان بناژۆخواز و دوو کەسیش ریفۆرمخوازن.

پارێزگای کرماشان خاوەنی هەشت کورسییە کە چارەنووسی شەش کورسییان یەکلایی بووەتەوە و دوو کورسیشی لە خولی دووهەمدا یەکلایی دەبێتەوە. هەر شەش دەرچووەکەی ئەمجارە سەر بە باڵی بناژۆخوازن.

پارێزگای سنە شەش کورسیی لە پەرلەمان هەیە کە چارەنووسی هەر شەش کورسییەکە یەکلایی بووەتەوە. لەم پارێزگایە بناژۆخوازان بوونە خاوەنی دوو کورسی، ریفۆرمخوازانیش دوو کورسییان بە دەست هێناوە و دوو کەس لە براوەکانیش سەربەخۆن.

پارێزگای ئیلامیش کە بچووکترین پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە سێ کورسیی هەیە کە چارەنووسی هەرسێکیان یەکلایی بووەتەوە. دوو کورسی بە ریفۆرمخوازان بڕاوە و بەربژێرێکی سەربەخۆش لەم پارێزگایەوە چووەتە پەرلەمان.