بەرپرس و شرۆڤەکارانی سیاسی: عەقڵیەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگۆڕاوە

سامان سۆرانی، راوێژکاری باڵا بۆ کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شێروان شەمێرانی، شرۆڤەکاری سیاسی، حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی و محەممەد حەسەن ساعدی، شرۆڤەکار
سامان سۆرانی، راوێژکاری باڵا بۆ کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شێروان شەمێرانی، شرۆڤەکاری سیاسی، حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی و محەممەد حەسەن ساعدی، شرۆڤەکار

K24 - هەولێر:

بەرپرس و شرۆڤەکارانی سیاسی، ئاماژەیان بەوەدا، عەقڵیەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگۆڕاوە، بەڵکو لە پێش 2003 چۆن بووە هەروا ماوەتەوە، هاوکات دەڵێن: عێراق دەیەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکاتەوە.

سامان سۆرانی، راوێژکاری باڵا بۆ کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شێروان شەمێرانی، شرۆڤەکاری سیاسی، حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی و محەممەد حەسەن ساعدی، شرۆڤەکاری سیاسی، لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 باسیان لە عەقڵیەتی حکومڕانی لە عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کرد، هاوکات باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان شیعە و کورد کرد.

سامان سۆرانی، راوێژکاری باڵا بۆ کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکدا رایگەیاند، زیاتر لە 33 ساڵە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە و توانیویەتی خۆی خۆی بەڕێوەببات، هەروەها توانیویەتی ئەکتەرێکی باشی سەر شانۆی عێراق بێت.

ئەو راوێژکارە باڵایە دەڵێت: هەرێمی کوردستان بەشداربووە لە بنیاتنانەوەی عێراق و هاوکاربووە لە نووسینەوەی دەستوور، هەروەها هەمیشە بە ئەرێنییەوە ئەو هەرێمە  کارەکانی لەگەڵ عێراق بەڕێوەبردووە.

سامان سۆرانی، باسی لەوەشکرد، ئەو دەستوورەی عێراق تەنیا وەرەقەیەکە نووسراوە و، تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هەورەها ماددەی 140 لەناوچووە، جێبەجێکردنی پەراوێزخراوە.

ئەو راوێژکارە باڵایە، گوتیشی: عەقڵیەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگۆڕاوە، ئەوانەی دەسەڵاتدارن لە عێراق خاوەن هزرێکی مەزهەبینە و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بچێتە ناو ئەو چوارچێوە شیعەییە.

لەلایەکی دیکەوە شێروان شەمێرانی، شرۆڤەکاری سیاسی گوتی: ئەو عەقڵیەتەی کە ئێستا لە عێراق حکوم دەکات لەگەڵ پاش 2003 گۆڕاوە لە باشەوە بەرەو خراپ، هەروەها دەسەڵادارانی عێراق دەیانەوێت ئەو دەستکەوتانەی کە هەرێم دوای 2003 بەدەستی هێناوە کەمیبکەنەوە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئاماژەی بەوەدا، عێراق دەیەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکاتەوە هەورەها عەرەبی عێراق و سووریا بە درێژاریی مێژوو کوردیان چەوساندووەتەوە.

شێروان شەمێرانی، دەڵێت: پەیوەندی نێوان شیعە و کورد کۆتایی هاتووە، هەروەها ئەو شیعانەی کە لە عێراق دەسەڵاداران ئامادەنین بە هەمان شێوەی پاش 2003 لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە بکەن.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، روونیکردەوە، شیعەکان بە ئەجێندای سیاسیی و هەرێمایەتی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن، هەروەها پەیوەندی مێژوویی نێوان شیعە و کورد کۆتایی پێهاتووە.

لەلایەن خۆیەوە حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، ئەگەر عەقڵیەتی حکومڕانی لە بەغدا باش بێت کێشەی کەرکووک و هەموو ناوچەکانی دیکە چارەسەر دەبێت.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بەرەو خراپبوون دەچێت و رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بەرەو کەمبوونەوە چووە.

حەسەن شێخانی، ئاشکرایکرد، عێراق لە قەیرانێکی گەورەدایە، هەروەها کەرکووک چەقی ململانێ نێودەوڵەتی، هەرێمی و نێوخۆییەکانە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی، لەبارەی شیعە دەڵێت: شیعەکان لەسەر دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان دەنگ کۆدەکەنەوە، هەروەها ئەم عەقڵیەتەی ئێستای عێراق نایەوێت دەستوور جێبەجێ بکات.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد حەسەن ساعدی، شرۆڤەکاری سیاسی، باسی لەوەکرد، لە سەرەتای 2003ـەوە تاوەکو ئێستا هەموو هێزەکان بەشداربوونە لە دروستبوونی عێراقێکی نوێ لە نێوەندەشدا شیعە و کورد پەیوەندیەکی باشیان هەبووە.

ناوبراو گوتی: لەمێژوودا کورد و شیعە هاوهەڵوێستبوون، هەروەها پێویستە هەولێر و بەغدا چاو بە پەیوەندییەکانیاندا بخشێننەوە.

ئەو شرۆڤەکاری سیاسییە دەڵێت: ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ناکۆکی کارگێڕین و سیاسی نین، لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەر دەبن.

جەختی لەوەشکردەوە، شیعە هیچ نیازێکی بۆ برسیکردنی کورد نییە.