زبڵ و خاشاک هەڕەشە له‌ عێراق دەکات

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

زۆربوونی پاشماوە و بەکارنەهێنانەوەی بەشێوەیەکی سەردەمیانە، هەڕەشە لەژینگەو ژیانی دەیان ملیۆن کەس لە عێراق دەکات ، بەپێی داتاکان ساڵانە زیاتر لە 40 ملیۆن تۆن پاشماوەی رەق فڕێ دەدرێت و وەزارەتی ژینگەی عێراقیش رایگەیاندووە: ئەگەر ئەم پاشماوانە بەرێگەیەکی ئابووریانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەرفەت بۆ زیاتر لە 100 هەزار کرێکار دەڕەخسێت.

زیادبوونی رێژەی پاشماوەو زبڵ و خاشاک و بەکارنەهێنانەوەی بەشێوەیەکی سەردەمیانە، هەڕەشە لەژینگەو ژیانی دەیان ملیۆن کەس لە عێراق دەکات. بەپێی داتا بەردەستەکان رۆژانە لە عێراق زیاتر لە 20 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیک فڕێ دەدرێت ، کە بەتەنیا شارەوانی بەغدا رۆژانە نۆ هەزار تۆن پاشماوەی جۆراو جۆری وەک ئاسن و، ئەلەمنیۆم ، شووشە، کارتۆن، تایەی ئۆتۆمبێل و، قوماش، پلاستیک کۆدەکاتەوە.

ئەم قەبارەیە لە پاشماوە بە سامانێکی گەورە دادەندرێت، ئەگەر بەکەرەستەو ئامێری سەردەمیانەی ریسایکلکردندا وەبەرهێنانی تێدا بکرێت هاوکات  دەبێتە هۆی رەخساندنی هەزاران هەلی کار و ،کاریگەرییە نەرێنییەکان لەبەرژەوەندی ژینگەیەکی گونجاو و تەندروست دەگۆڕێن. فازڵ گڕاوی سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندووە: زیادبوونی پاشماوەی پلاستیک و تێکەڵبوونی بەژینگەو ژیانی رۆژانەی خەڵک مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی دەیان ملیۆن عێراقی دروستکردووە.

جاسم فەلاحی یاریدەدەری وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاندووە: لەعێراق ساڵانە 40 ملیۆن تۆن پاشماوەی رەق فڕی دەدرێت، هەروەها هەرتاکێک رۆژانە 750 گرام بۆ زیاتر لە یەک کیلۆ لەو پاشماوانە فڕێدەدات، هەروەها ناوبراو روونی کردووەتەوە ئەگەر بۆ ئەو بوارە کار لەسەر سیستەمێکی ئابووری پێشکەوتوو بکرێت، دەتواندرێت سوود لەو پاشماوانە وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەو، زیاتر لە 100 هەزار هەلی کاریش دەڕەخسێندرێت.

بەگوێرەی توێژینەوەکان پاشماوەکان بە گشتی و،پاشماوەی پلاستیک هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی: شێرپەنجە هەروەها دروستبوونی لافاو بەو پێیەی توانای هەڵمژینی خاک لە ئاوی زیادە کەمدەکاتەوە،هەروەها هۆکارێکیشە بۆ دروستبوونی گازەکانی ئۆکسیدی کاربۆنی ژەهراوی و، دیۆکسین و، هایدرۆجینی سیانیدی و گازی کلۆریدی هایدرۆجینی خنکێنەر و، فۆسجین و، ئۆکسیدی هالۆجین.