پێگەیەکی نێودەوڵەتی: پێویستە ئەمەریکا خاڵی چڕبوونەوەی هێزەکانی بباتە هەرێمی کوردستان

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لەنێو عێراق
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لەنێو عێراق

K24 - هەولێر

پێگەی میدڵ ئێست ترانسپارێنت کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان؛ باس لەوە دەکات، باشترە ئەمەریکا سەرجەم هێزەکانی لە عێراق نەکشێنێتەوە، بەڵکو بەشێکیان بباتە هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

"پێویستە ئەمەریکا خاڵی چڕبوونەوەی هێزەکانی بباتە هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەوە مەترسی لەسەر نێردەکانی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دروست دەبێت".. ئەمە بەشێکی راپۆرتی پێگەی "میدڵ ئێست ترانسپارێنت"ـی نێودەوڵەتییە سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و فشاری لایەنە شیعەکان لەسەر ئەو پرسە.

پێگەی میدڵ ئێست ترانسپارێنت کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان راپۆرتێکی شیکاری لەسەر ناکۆکی و کێشمەکێشمەکانی تایبەت بە پرسی مانەوە یاخود دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، لە بەرژەوەندیی واشنتنە قورسای خۆی لە بەغدا زیادبکات، بەڵام نەک لە رووی سەربازییەوە، بەڵکوو لە رێگەی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە، دەتوانێت هێزەکانی بگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئەگەری بردنەدەرەوەی سەرجەم هێزەکانی لە عێراق، باڵیۆزخانە و نێردە دیپۆماسییەکانی رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

ئەو پێگە نێودەوڵەتییە روونیکردووەتەوە، "داواکاری بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نوێ نییە، بەڵکوو لە ساڵی 2018ـەوە هەیە و کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە سەرەتاکانی 2020، ئەو داوکارییەی گەیاندە لوتکە".

لە درێژەی راپۆرتەکەدا میدڵ ئێست ترانسپارێنت ئاماژەی بەوە داوە، نەک بە تەنها میلیشیاکان بەڵکوو بەشێک لە بەشداربووانی حکومەتەکەی سوودانیش لە پشتی پەردەوە فشار بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، بەڵام پێناچێت بەبێ هەبوونی سەربازی ئەمەریکی، هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکانیان هەبێت.

هەرچی پەیوەیستە بە خودی محەممەد شیاع سوودانییەوە، ئەو پێگە نێودەوڵەتییە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی دیار نییە سوودانی لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە یاخود نا، بەڵام بەشێک لە راگەیەندراوەکانی دژی ئەمەریکا بۆ رازیکردنی هێزە شیعەکانی بەشدار لە حکومەتەکەیەتی.

میدڵ ئێست ترانسپارێنت داوا لە ئەمەریکا دەکات بەشێک لە هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان جێگیربکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە، چونكه‌ هه‌رێمی کوردستان ژینگه‌یه‌كی له‌بارتره‌ بۆ جێگیربوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.