چیلی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان لە گەورەترین پێشانگای فڕۆکەوانی لە ئەمەریکای لاتین دووردەخاتەوە

پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی (ئەرشیف)
پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

وڵاتی چیلی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانی لە گەورەترین پێشانگای فرۆکەوانی  لە ئەمەریکای لاتین دوورخستەوە کە بڕیارە لە مانگی داهاتوو لە سانتیاگۆی پایتەختی ئەو وڵاتە بەرێوەبچێت.

وەزارەتی بەرگری چیلی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "بەبڕیاری حکومەتی چیلی لە کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی (FIDAE) کە بڕیارە لە 9 تاوەکو 14ـی نیسان بەرێوەبچێت، هیچ کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی بەشدار نابێت". هەروەها وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا هۆکاری ئەو بڕیارەی نەخستووەتە ڕوو.

 لە دەرەوەی جیهانی عەرەبی دا زۆرترین هاووڵاتیانی فەڵەستینی لە چیلی دەژین، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2023 باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل کێشایەوە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە "پێشێلکارییە قبوڵنەکراوەکانی ئیسرائیل بۆ یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان" لە غەززە.

مەکسیک و چیلی لە مانگی کانوونی دووەمی 2024، داوایان لە دادگای دادی نێودەوڵەتی کردووە، لێکۆڵینەوە لە ئیسرائیل بکات چونکە تاوانی جەنگی لە شەڕی نێوان خۆی و حەماس ئەنجامداوە.

ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە تاوانی جەنگی لە کەرتی غەززە ئەنجامدابێت، بەوپێیەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەردەوامە و دەڵێت: "پێویستە سەرکەوین" هەروەها "حەماس لەناو ببەین و بارمتەکان ئازاد بکەین".

باڵیۆزی ئیسرائیل لە چیلی گیل ئارتزلی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، حکومەتی چیلی بەفەرمی پەیوەندی پێیانەوە نەکردووە لەو هەواڵە ئاگادار نەکراونەتەوە.