توێژینەوەیەکی زانستی تایبەتمەندی منداڵانی لەدایکبووی سەردەمی کەرەنتینە ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

توێژینەوەیەکی نوێی زانستی بەناونیشانی " ئەو منداڵانەی بە گۆڕانکاریی بایۆلۆژی لەدایکبوون" لە سەر منداڵانی لەدایکبووی سەردەمی کەرەنتینە بڵاوبووەتەوە و دەریخستووە ئەو منداڵانەی لە کاتی بەربڵاوی پەتای کۆرۆنا لەدایکبوون تایبەتمەندییەکی سەرسوڕهێنەریان هەیەو تەنیا 17%یان پێویستیان بە دژە بەکتریا هەیە.

توێژینەوەکه لەلایەن پەیمانگەی سویسری بۆ توێژینەوە لە زانکۆی زیوریخ لە سەر نەخۆشییەکانی هەستیاریی و رەبۆ بڵاوکراوەتەوەو دەریخستووە، کەرەنتینە دوو گۆڕانکاریی سەرسوڕهێنەری لە جەستەی منداڵە ساواکان دروستکردووە، ئەویش بەهێزبوونی بەرگری جەستە و زیادبوونی بەکتریا سوودبەخشەکانە.

توێژەران لە زانکۆی کۆرک لە ئێرلەندا بۆیان دەرکەوتووە، ئەو منداڵانەی لە کاتی کەرەنتینە لەدایکبوون گۆڕانکاری لە بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەیاندا هەیە و بەمەش سیستەمی مایکرۆبایۆمی ریخۆڵەیان لە منداڵانی دیکە جیاوازە. کە سیستەمەکە پەیوەستە بە جیاکاری لەنێوان کۆمەڵەی بەکتریای سوودبەخش و زیانبەخش، هەروەها بەکتریا زیانبەخشەکان لەناو دەبات، جیا لەوەی سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەکات، کاریگەریشی لە سەر کاراکردنی پرۆسەی هەرسکردن هەیە.

زاناکان بۆیان دەرکەوتووە ئەو منداڵانە لە ماوەی کەرەنتینە لە دایکبوون کەمتر پێویستیان بە دژە بەکتریای هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان، هەروەها هەستیارییان بەرانبەر بە خۆراک کەمترە.

توێژەران پشکنین و شیکاری نموونەی پیسایی 351 منداڵی ئێرلەندییان کردووە، کە لە سێ مانگی یەکەمی بەربڵاوی پەتای کۆرۆنا لە نێوان مانگی ئادار و ئایاری 2020 لەدایکبوون، ئەنجامی پشکنینەکانیان لەگەڵ نموونەی ئەنجامی پشکنینی پیسایی ئەو منداڵانەی پێش بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەدایکبوون، بەراورد کردووە.

نموونەکان لە منداڵانی تەمەن شەش مانگ، یەکساڵە و دوو ساڵان وەرگیراوەو تاقیکردنەوەی هەستیاریان لەسەر منداڵانی تەمەن یەک ساڵ و دوو ساڵان کردووە، ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە، کە منداڵانی ساوای لە دایکبووی سەردەمی کۆڤید-19 بەکتریای سوودبەخشیان زیاترە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی جەستەیان بە شێوەیەکی کاریگەرتر کار بکات و بەرەنگاری نەخۆشییەکانی هەستیاری ببنەوە، بەمەش ئەو منداڵانەی لە کاتی پەتاکەدا لەدایکبوون رێژەی هەستیارییان کەمترە، نزیکەی %5 لە تەمەنی یەک ساڵیدا هەستیاری خۆراکیان هەیە بە بەراورد بە 22.8% منداڵانی لە دایکبووی پێش کۆڤید-19.

بەگوتەی توێژەران هۆکاری ئەو گۆڕانکارییەش ئەوەیە دایکەکان لە ماوەی دووگیانیی و کەرەنتینەدا زیاتر بەکتریای سوودبەخشیان بۆ کۆرپەلەکانیان گواستەوە، هاوکات لەدوای لەدایکبوونیش منداڵەکان لە رێگەی شیری دایکیان و پاکبوونەوەی ژینگەی بەکتریای سوودبەخشی زیاتریان وەرگرتووە، ئەمانەش هۆکارێکن بۆ ئەوەی منداڵەکان کەمتر تووشی هەوکردن و هەستیاری ببنەوە.

بەگوێرەی توێژینەوەکان تەنیا لە %17ی منداڵانی لەدایکبووی سەردەمی کۆڤید-19 لە تەمەنی یەک ساڵیدا پێویستیان بە دژە بەکتریا بووە، بەڵام %80ی منداڵانی هەمان تەمەنی بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پێویستیان بە دژە بەکتریا هەبووە.

لەمبارەوە، پرۆفیسۆر لیام ئۆماهۆنی لە زانکۆی کۆرک و نووسەری باڵای توێژینەوەکە دەڵێت؛ ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکە پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی بەکتریای بەسوود لە جۆری بیفیدۆ (Bifidobacterium) کە زیاتر لە گەدەو ریخۆڵەدا هەن و هاوکارن لە چالاکییەکانی هەرسکردنی خۆراک.

هەروەها پرۆفیسۆر جۆناسان هۆریهان، پزیشکی منداڵان و ئەندامی دەستەی توێژینەوەکە رایگەیاندووە، ئەم لێکۆڵینەوەیە تێڕوانینێکی نوێ دەردەخات سەبارەت بە کاریگەری دابڕانە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرەتای ژیان یان لەسەرەتای لەدایکبوونەوە لەسەر بەکتریا سوودبەخشەکان.

هەروەها ئاماژەیداوە، کەرەنتینە دەتوانێت کاریگەری شێوازی ژیان و فاکتەرە ژینگەییەکان نیشان بدات وەک کاردانەوەیەکی بەردەوام لە دژە بەکتریاکان لەسەر زیادبوونی رێژەی نەخۆشییەکان.