وەزیری تەندروستیی عێراق نەخۆشخانەکانی هەولێر بەسەر دەکاتەوە

وەزیری تەندروستیی عێراق نەخۆشخانەکانی هەولێر بەسەر دەکاتەوە
وەزیری تەندروستیی عێراق نەخۆشخانەکانی هەولێر بەسەر دەکاتەوە

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵای وەزارەتەکەی لە هەولێرە و بڕیارە سەرجەم نەخۆشخانەکانی شارەکە بەسەر بکاتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-03-2024، د. ساڵح حسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵای وەزارەتەکەی گەیشتە هەولێر و، لەلایەن د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێ کرا.  

شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی دانراوە، ئەمڕۆ وەزیری تەندروستیی عێراق سەردانی چەند نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر دەکات و، وەکو یەکەم شوێن، بە یاوەری د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاریی راپەرینی کرد کە تایبەتە بە منداڵان.

ئامانج لە سەردانەکەی وەزیری تەندروستییی عێراق بۆ نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر، وەکو ئەوەی پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی پێ دا، ئاگاداربوونە لە کواڵێتیی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی پێشکەشی هاووڵاتییان دەکرێن. گـوتـیشـی، وەزیری تەندروستی لەگەڵ پزیشک و ستافی نەخۆشخانەکان کۆدەبێتەوە و گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی بە بواری تەندروستی هاووڵاتییان و کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان داوە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە زیاتر لە 25 ملیار دیناری بۆ ئەو بوارە خەرج کردووە.

لە بواری پێداویستی دەرمان و پێداویستی پزیشکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 13 ملیار و 750 ملیۆن دیناری خەرج کردوە و لە بواری دابین کردنی خۆراک بۆ نەخۆشخانەکانیش، بڕی 4 ملیار و 892 ملیۆن و 739 هەزار و 450 دیناری تەرخانکردووە.