هەواڵگری تورکیا کوشتنی بەرپرسێکی پەکەکەی لە سلێمانی راگەیاند

K24 – هەولێر

دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردستان، توانیویانە حوسنو كومەک بەرپرسی رێکخستنەکانی پەکەکە لە کەلار بکوژن.

ئاژانسی ئەنادۆلوی تورکی بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتوون، دەرکەوتووە حوسنو کومەک پێشتر پاسەوانی گەورە بەرپرسانی پەکەکە، هەر یەک لە جەمیل بایک و دوران کاڵکان بووە، هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی چالاکیی بۆ رێکخراوەکە کردووە.

حوسنو کومەک ئەرکی تایبەتی لە ریزی (ناوەندا لێگەڕانا پۆلەتیک) هەبووە، کە بە ناوەندێکی هەواڵگری پەکەکە ناسراوەو چالاکییەکانیشی مەشقکردن بووە بە ئەندام و لایەنگرەکانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و شارۆچکەی کەلار.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دەزگای میت لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە وردەی چاودێری جموجووڵەکانی حوسنو كومەکی کردووە، کە ناوە نهێنییەکەی (شەوگەڕ ئازاد)ـە و لە چوارچیوەی ئۆپەراسیۆنێکدا لە سلێمانی کوشتوویانە.

ئاژانسەکە ئاماژەیداوە، حوسنو کومەک لە ساڵی 1999 پەیوەندی بە رێکخستنەکان پەکەکەوە کردووە. لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2003 بەرپرسی چالاکییە راگەیاندنی دوران کاڵکان بووە، ئەوکات ناوی نهێنیی "عەباس" بووە.

لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەمین بەرپرسی پەکەکەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیا و میدیاکانی ئەو وڵاتەن هەواڵی کوژرانیان بڵاو دەکرێتەوە.

پێشتر لە رۆژی 4ی ئەم مانگە، دەزگای هەواڵگری میت رایگەیاند، دوای چاودێریکردنی جمووجوڵەکانی گولسون سیلگیر ناسراو بە (سارا هۆگر رحا)، کە بەرپرس بووە لە ناو رێکخستنەکانی گەنجانی پەکەکە و کەجەکە، دواجار توانیویانە لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی بیکوژن.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی میت بڵاویکردبۆوە، سیلگیر لە ساڵی 2011ـەوە پەیوەندی بە رێکخستنەکانی گەنجانی پەکەکەوە کردبووە، هەروەها لە ساڵی 2021  یەکێک بووە لە چالاکەکانی پەکەکە لە سنووری سلێمانی.