ئانچیلۆتی هەڕەشەی زیندانی كردنی لەسەرە

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید لە پرێس كۆنفرانسی رووبەڕبوونەوەی لایپزیگ. 12 شوباتی 2024 - فۆتۆ AFP
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید لە پرێس كۆنفرانسی رووبەڕبوونەوەی لایپزیگ. 12 شوباتی 2024 - فۆتۆ AFP

داواکاری گشتی ئیسپانیا داوای زیندانیکردنی کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانیا دەكات بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج، دەبێت لە ماوەی یەك هەفتەیە ئانچیلۆتی لە رێگەی پارێزەرەكەی روونكردنەوە بدات.
داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا داوای 4 ساڵ و 9 مانگ زیندانی بۆ ڕاهێنەری یانەی شاهانە دەکات کە تەمەنی 64 ساڵە، راهێنەرە ئیتاڵییەكە تۆمەتبارە بە خۆدزینەوە لە پێدانی زیاتر لە ملیۆنێک یۆرۆ لە نێوان ساڵانی 2014 و 2015، كە تێیدا داهاتی وێنەگرتن و ریكلام و بەشێك لە وەبەرهێنانی ئاشكرا نەكردووە.
ئەم داواكارییەی دادگای گشتی ئیسپانیا لە كاتێكدایە ئەمشەو ڕیاڵ مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی لایپزیگی ئەڵمانیا دەبێتەوە، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا ریال مەدرید بە ئەنجامی 1 ـ 0 یارییەكەی بردەوە.
داواکاری گشتی لە بەیاننامەکەیدا ڕوونی کردەوە: "كارلۆ ئانچیلۆتی لەوكاتەی لە ریال مەدرید و ئیسپانیا بووە تەنیا داهاتی مووچەكەی ئاشكرا كردووە، بەڵام ئەو داهاتەی كە لە ریكلام و وێنەگرتن بەدەستی هێناوە ئاشكرای نەكردووە، تەنانەت ئەم بابەتەی لە پەنای کۆمپانیایەكی (ساختە) دەستکاری كردووە و شاردوویەتییەوە.
سەرچاوەكە هێمای بۆ ئەوەش كردووە كە ئانچیلۆتی داهاتەكەی بۆ دەرەوەی ئیسپانیا گواستووەتەوە بۆ ئەوەی ئەم بابەتە لەبەردەم باجی ئیسپانیا تەمومژاوی بكات.
ئانچیلۆتی لە ساڵی 2013 ڕاهێنەرایەتی یانەی ڕیال مەدریدی گرتە ئەستۆ، پێش ئەوەی لە مانگی ئایاری 2015 یانەكە جێبهێڵێت و رووبكاتە بایرن میونشنی ئەڵمانیا، دواتر سەرپەرشتی ناپۆلی و ئیڤەرتۆنیشی کرد، پێش ئەوەی لە ساڵی 2021 بگەڕێتەوە بۆ ڕیال مەدرید.
ئەنچیلۆتی بە یەکێک لە ڕاهێنەرە دیارەکانی مێژوو دادەنرێت و چوار جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، دوو جار لەگەڵ ئەیسی میلانی ئیتاڵیا و دووجاریش لەگەڵ ڕیال مەدرید چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، نازناوی خولە ناوخۆییەکانی لەگەڵ ڕیال مەدرید، میلان، چێڵسی، بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان بەدەستهێناوە.