جێف بیزۆس نازناوی دەوڵەمەندترین کەسی جیهانی لە ئیلۆن مەسک وەرگرتەوە

وێنەی جێف بیزۆس و ئیلۆن مەسک
وێنەی جێف بیزۆس و ئیلۆن مەسک

جێف بیزۆس، دامەزرێنەری ئەمریکی ئەمازۆن، پلەی یەکەمی لە لیستی دەوڵەمەندترین کەسانی جیهان بەدەستهێنایەوە و سامانەکەی گەیشتە 200 ملیار دۆلار، بەمەش ئیلۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای تێسلا لە پلەی یەکەم کە لە ساڵی رابردووەوە داگیریکردبوو بردیەوە بۆ پلەی دووەم.

دوای 3 ساڵ لە لەدەستدانی نازناوی دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، جێف بیزۆز، خاوەنی کۆمپانیای ئامازۆن توانی ئەم نازناوە لە ئیلۆن مەسک وەربگرێتەوە و بگەڕێتەوە پلەی یەکەمی لیستی دەوڵەمەندرتین کەسانی جیهان.

لە راپۆرتێکی بلومبێرگدا هاتووە، بیزۆس سەرەڕای کەمبوونەوەی رێژەی سامانەکەی بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

بەڵام ئیلۆن مەسک لە ماوەی ساڵی 2023 زیاتر لە 31 ملیار دۆلاری لەدەستداوە و سامانەکەی گەیشتە 198ملیار دۆلار لە پلەی دووەمدا.

بێرنارد ئارنۆڵت، بازرگانی فەرەنسی، خاوەنی گروپی LVMH کە براندە بەناوبانگەکانی وەک لویس ڤیتۆن، بولگاری، دیۆر، فێندی، جیڤێنچی، کێنزۆ و مارک جاکۆبس لەخۆدەگرێت، بە سامانی 197 ملیار دۆلار پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای مێتا (فەیسبووک، واتسئەپ، و ئینستاگرام) بە 179 ملیار دۆلار پلەی چوارەمی بەدەستهێنا

بیل گەیتس دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بە سامانی 150 ملیار دۆلار پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە رەنگە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا جیهان شاهیدی یەکەم تریلیۆنێر بێت، و هاوکات کۆتاییهێنان بە هەژاری لەسەر هەسارەکە زیاتر لە دوو سەدەی دەوێت.