ئەمەریکا سزای بەسەر خاوەنی دوو کەشتیدا سەپاند

باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، بەردەوام دەبین لە بە ئامانجگرتنی ئەو لایەنانەی کە هاوکاری حووسییەکان دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی ئاداری 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، بەتۆمەتی گواستنەوەی کەلوپەل بۆ یەکێک لەو کەسانەی هاوکاری نەختینە پێشکەشی حووسییەکان دەکات، سزایان بەسەر خاوەنی دوو کەشتیدا سەپاندووە.

وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجامی هێرشی حووسییەکان لەسەر ئاستی جیهان هەستی پێدەکرێت. گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، بەردەوام دەبین لە بە ئامانجگرتنی ئەو لایەنانەی کە هاوکاری حووسییەکان دەکەن.

لای خۆیەوە برایان نێلسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت: لە ئەنجامی ئەم کارەی ئەمڕۆدا، هەموو موڵک و بەرژەوەندییەکان، سەروەت و سامانی ئەو کەسانەی کە باسکراون  کە لە ئەمریکادان یان لە ژێر دەستی کەسانی ئەمریکیدان، بلۆک دەکرێن.

رۆژی هەینی (12ـی کانوونی دووەمی 2024) بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، دوو کۆمپانیا لە هۆنگ کۆنگ و ئیمارات  کە پەیوەندییان بە فەیلەقی قودسەوە هەبووە سزادران، هاوکات ئەم دوو کۆمپانیایە لە رێگەی داهاتەکانیانەوە پاڵپشتی حووسییەکان و هێرشە بەردەوامەکانیان کردبوو بۆسەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

ئەم هەنگاوە دوای چەند کاتژمێرێک دێت کە هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر حووسییەکان، هەروەها ئەو دوو کۆمپانیایەی کە سزادراون بریتین لە کۆمپانیای سیلیۆ مێریتایم کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە و کۆمپانیای گڵۆباڵ تێک مارین سێرڤیس کە بنکەکەی لە ئیماراتە.

گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لەو کەشتییانە بەڵگەنامەی ساختەیان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی ئێرانی ئەو کەلوپەلانە.