بەشێكی لایەنە عێراقییەكان لە پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی خەمساردن

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی بە چارەسەرێکی سەرەکی بۆ کێشە سیاسییەکانی عێراق دادەنرێت، پرسی دەستبەکاربوونی ئەو ئەنجوومەنەش هەمیشە داواکاری سەرەکی کورد بووە، جیاواز لەوەی لەساڵی 2005 لە ماددەکانی دەستووردا بنەما و تایبەتمەندییەکانی ئەنجومەنی فیدڕاڵی جێگیر و دیاریکران، سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی کورد هەوڵی بەردەوامی بۆ پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە داوە، بەڵام گلەیی ئەوە دەکرێت، بەشێک لە لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتی عێراق هیچ نیازێکیان بۆ پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە نییە.

ئەنجوومەنی فیدڕاڵی فلتەری یاسا و بڕیاری دەسەڵاتەکانە و بەبێ بوونی ئەو ئەنجوومەنە، فیدڕاڵییەت دەگۆڕێت بۆ حوکمڕانی ناوەندی، سیستەمی فیدڕاڵییەت لە دوو ئەنجوومەن پێک دێت، یەکەمیان؛ ئەنجوومەنێک کە نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات و لەسەر بنەمای دەنگدانی خەڵکە بە کورسی کە پێی دەگووترێت ئەنجومەنی نوێنەران. دووەمیان؛ ئەنجوومەنێکی دیکەیە لەسەر بنەمای یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان کە پێی دەگووترێت ئەنجومەنی فیدڕاڵی، واتا بە نەبوونی هەرکام لەو دوو ئەنجومەنە، فیدڕاڵییەت جێبەجێ نابێت، بەڵکو دەسەڵات دەچێتە دەست زۆرینە و دەبێتە حوکمڕانی ناوەندی.

پرسی پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی هەمیشە داواکاری سەرەکی کورد بووە و دوای ئەوەی لەساڵی 2005 لە ماددەکانی 48 و 65ـی دەستووردا پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە جێگیرکرا، جارێکی دیکە هەر لەژێر فشاری کورد لەساڵی 2008ـدا رەشنووس بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە ئامادەکرا و لە ساڵی 2009 پێداچوونەوەی رەشنووسەکە تەواوکرا، پاشان لە ساڵی  و 2010 و 2013 کورد دیسانەوە فشاری دیکەی کرد بۆ پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە، بەڵام بێ ئەنجام بوو.

بەگوێرەی ماددە دەستوورییەکان، بە بوونی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، هیچ لایەنێک ناتوانێت لە دەسەڵاتی لایەنی دیکە کەم بکاتەوە یاخود ده‌ستدرێژی و پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كدی ئه‌نجام بدەن، جگە لەوەی سەربەخۆیی و سەروەری هەرێمەکان تێیدا پارێزراوە و رێگە بە زۆرداری و خۆسەپێنی زۆرینە نادات بەسەر کەمینەدا. لە ئەنجوومەنی فیدڕاڵی هەموو هەرێمەکان مافی ڤیتۆیان هەیە، بەمەش زۆرینه‌ ناتوانێت یاسایەک بەزۆر بەبێ رەزامەندی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بسه‌پێنێت کە کاریگەری بکاتە سەر پێگە و دەسەڵات و سەربەخۆیی هەرێم و یەکە پێکهێنەرەکان.

شارەزایان و شرۆڤەکارانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، بوونی عەقڵییەتی سەپاندنی حوکمی زۆرینە بەسەر ئەوانی دیکە لە عێراقدا، هۆکارە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، چونکە بە پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە، هیچ کەلێن و دەرفەتێک بۆ حوکمڕانی دەسەڵاتی ناوەندی ناهێڵێتەوە و ژمارەی ئەندامەکانی بە شێوەی یەکسان بۆ نەتەوە و پێکهاتەکان دیاریدەکرێت.

دوایین فشار و داواکاری کورد بۆ پێکهێنانی ئەو ئەنجوومەنە دەگەڕێتەوە بۆ رێككه‌وتننامه‌ی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی ئێستای عێراق، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوو لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت به‌هۆی ناكۆكی سیاسی و نەبوونی خواستی جێبەجێکردنی فیدڕاڵییەت نه‌توانراوه‌ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ پێکبهێنرێت.