کۆشکی سپی داوا لە کۆنگرێس دەکات خەرجییەکانی بەرگری بۆ 850 ملیار دۆلار زیاد بکات

کۆنگرێسی ئەمەریکا
کۆنگرێسی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

بلومبێرگ رایگەیاند، ئیدارەی ئەمەریکا داوا لە کۆنگرێس دەکات خەرجییەکانی بەرگری لە ساڵی دارایی 2025 بە رێژەی 1% زیاد بکات. 

ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاند، ئیداەی ئەمەریکا داوا لە کۆنگرێس دەکات خەرجییەکانی بەرگری لە ساڵی دارایی 2025 بە رێژەی 1% زیاد بکات بۆ ئەوەی بگاتە 849.8 ملیار دۆلار. بەڵام هەندێک سەرچاوە پێیان وایە ئەم بڕە پارەیە 10 ملیار دۆلار کەمترە لەوەی کە لە سەرەتادا پلانی بۆ دانرابوو داوای بکرێت.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنی قەرزەکان کە ساڵی رابردوو ئەنجامدرا، کۆشکی سپی ناچارکرد ئەو بڕە پارەیەی کە داوایکردبوو کەمبکاتەوە.

پێشبینی دەکرێت لە ساڵی دارایی داهاتوودا تێچووی کڕینی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 و ژێردەریایی ئەتۆمی پلە ڤیرجینیا کەم ببێتەوە.

لەبری 83 فڕۆکەی جەنگی، 70 فڕۆکەی جەنگی دەکڕدرێت، کە نزیکەی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار پاشەکەوت دەکات، هەروەها بڕیاردرا بە دروستکردنی 6 ژێردەریایی لەبری 7 ژێر دەریایی، 2 ملیار دۆلاری دیکە پاشەکەوت بکرێت.

کۆشکی سپی هیوادارە بتوانێت داوای 167.5 ملیار دۆلار بکات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە سەرەتادا 175.3 ملیار دۆلار بوو بۆ کڕینی سیستەمی چەک، هەروەها 143.2 ملیار دۆلار لەبری 145 ملیار دۆلار بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان.