ترەمپ داوای دیبەیت لە بایدن دەکات

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا داوا لە جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکات دیبەیت بکەن، چونکە هەردووکیان لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان دەرچوون.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال"ـی تایبەت بەخۆی رایگەیاند، "گرنگە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، من و بایدن گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگەکان بکەین کە بۆ گەلی ئەمەریکا و وڵاتەکەمان باشە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "من داوای دیبەیت دەکەم، لە هەر کاتێک و لەهەر شوێنێک".

ترەمپی 77 ساڵان، لە کۆی 15 ویلایەت لە 14 ویلایەت سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە بەسەر رکابەرەکەی نیکی هایلی، هەروەها بایدنی 81 ساڵان، لە هەموو ویلایەتەکان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە تەنیا لە ناوچەی ساموای ئەمەریکا نەبێت کە لەسەر دەریای هادیە، بۆیە ترەمپ زۆر نزیکە بچێتە کێبرکێکردنی بایدنەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە لە تشرینی دووەم بەرێوەدەچێت.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ داواکانی نیکی هایلی رکابەرە کۆمارییەکەی رەت کردبووەوە بۆ دیبەیت کردن، چونکە پێی وابوو لەو دیبەیتەدا هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت، کە هەردووکیان کاندیدی کۆمارییەکانن، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە، بۆیە هەڵوێستی خۆی گۆڕی و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە دیبەیتەکاندا، تەنانەت ئەگەر لە لایەن پارتی دیموکراتیشەوە میوانداریی بکرێت.

بایدن کە بەهۆی بەرزبوونەوەی تەمەنیەوە رووبەڕووی گومانەکانی ترەمپ دەبێتەوە، سەبارەت بە توانا عەقلییەکەی، راشی نەگەیاندووە، ئایا دیبەیت لەگەڵ ترەمپ دەکات یان نا.  ئەم دووانە لە دوو دیبەیتدا لە ساڵی 2020 رووبەڕووی یەکتربوونەوە، یەکەم دیبەیت بەهۆی ئاژاوەگێڕییەوە تێکچوو، چونکە ترەمپ زۆربەی کاتەکانی هاواری بەسەر بایدن دادەکرد، دیبەیتی سێیەمیش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشایەوە.