شارەزایەکی ئەمنی: پلان هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق

ماددەی هۆشبەر
ماددەی هۆشبەر

K24 - هەولێر

بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر عێراق، بە جۆرێک کە بە مەترسیدارتر لە تیرۆر پێناسە دەکرێت. شارەزایەکی ئەمنیش دەڵێت، پلانێک هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق، کە ئەو پلانە بە هاوشێوەی تیرۆر وەسف دەکات.

بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە کۆمەڵگەی عێراقی، لە هەموو کاتێک مەترسی زیاتر بووە. دۆخەکە بە دەستگیرکردنی بەردەوامی ژمارەیەکی بێشوماری بازرگان و بەکارهێنەرەکان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. لە هەمووی مەترسیدارتر دەستگیرکردنی گەورە بازرگانە نێودەوڵەتییەکانە لە ناو خاکی عێراق. پسپۆڕان و شارەزایان بەجۆرێک پێناسەی دەکەن، کە ماددەی هۆشبەر لەم دۆخەی ئێستایدا بۆ سەر عێراق لە تیرۆر مەترسیدارترە.

ئەمیر ساعدی، شارەزای ئەمنی باس لەوە دەکات، "پلانی گەورە هەیە کە هاوتەریبە لەگەڵ تیرۆری ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و هاوتەریب لەگەڵ تیرۆری گەندەڵی. پێویستە هۆشیاری و ڕۆشنبیری گەلی عێراق بەهێزتر بکەین بەتایبەتی چینی گەنجان، کە ئاستەنگی زۆریان لەبەردەمدایە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشەیە بۆ ئاستی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان. پێویستە قەبارەی پرۆسەی هەمەچەشنکردنی کولتووری زیاد بکەین، لانیکەم، دەتوانرێت ئەو پرۆسەیە لە قوتابخانە ناوەندییەکانەوە تاکو قۆناغی زانکۆکان دەستپێبکرێت".

وەزارەتی ناوخۆ باس لە هەنگاوێکی هاوبەشی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکات، وادیارە وڵاتەکە لەم ماوانەی دواییدا بازرگانانی نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، بەگوێرەی ئاماری بازرگانە نێودەوڵەتییە دەستگیرکراوەکان، کە پێشتر وەزارەتەکە ئاشکرای کردبوو.

لە چەند رۆژی رابردوودا چالاکییەکی بەهێزمان هەبوو لە دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆری ماددەی هۆشبەر و دەستگیرکردنی چەند باندێکی بازرگانی مەترسیدار، هەروەها ئەوەی کارا کراوە مادەی 27ـە کە بەگوێرەی ماددەکە بەدواداچوون بۆ بازرگانانی نێودەوڵەتی دەکرێت، ئەمە عێراقیش دەگرێتەوە کە زۆرێک لەو کەسانە لێرەدا دەستگیرکراون.

لایەنە بەرپرسەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆرێک لە تاوانە ئەنجامدراو و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دەگەڕێننەوە، کە لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبوونەتەوە.

دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەریدەخەن، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 1200 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر بە قاچا‌غ هاوردەی نێو خاکی عێراق کراون و لەو ماوەیەدا زیاتر لە 50 هەزار کەس لە بازرگان و بەکارهێنەران دەستگیرکراون، کە زۆرینەیان تەمەنییان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، ماددەی کریستاڵ و حەشیش و حەبی کەپتاگۆن زۆرترین بەکارهێنەریان لە عێراقدا هەیە، کە نرخی هەر گرامێک لە کریستاڵ بەنزیکەی 90 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە. ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای دەکەن، ئێران بە پلەی یەکەم و ئەفغانستان بە پلەی دووەم و سووریا و لوبنانیش بە پلەی سێیەم و چوارەم، بە سەرچاوەی سەرەکی جۆرەکانی ماددەی هۆشبەرن کە بە قاچاغ لێیانەوە دەهێندرێتە عێراق.