عێراق، یوگسلافیای دووبارە

Kurd24

دوای ئەوەی(یوگسلافیا) بەهۆی سیاسەتی "سربەکان"ـەوە خۆی خستە بەرەی دژی ڕۆژئاوا. ئیدی ڕۆژئاواش لەودیو ناوەندەوە سووڕایەوە بۆ پشتگیری سیاسی گەلانی تری یوگسلافیا. دواتر بۆسنە و هەرسک، سلۆڤینیا، کرواتیا، مونتینگرو، مەکدونیای ئشتراکی، جەبەل ئەسوەد سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند.

گرنگیی هەڵکەوتەی جیۆپۆڵەتیکی کوردستان چەندە بووەتە خاڵی هێز و وەرچەرخان بۆ کورد، هێندەش بووەتە گرفت و سەرئێشە بۆی. حکومەتی ناوەندی عێراق لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامەوە، بەردەوام لە کوردستانەوە و لەم هەڵکەوتە گرنگەوە سەنگەری لە ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمەریکا گرتووە، بەداخەوە ڕۆژئاواییەکانیش تا ئەم ساتە سیاسەتیان وەک پێویست نییە، تیۆری "دژی ئەو کەسەم دژی بەرژەوەندییەکانمە" هاوشێوەی ئەزموونی یوگسلافیا لەگەڵ کورد نەهاتوونەتە مەیدان. لەملاشەوە کورد بەهۆی ڕکابەری نێوخۆییەوە و سەرقاڵ بوون بە شکاندن و بێدەستەڵات کردنی یەکدییەوە، مەودای زیاتری بۆ دژبەرانی کورد ساز کردووە تا بە ڕێگا و کەرەسەتەی جیاواز بە تایبەت لە بواری سیاسی و ئابووری و تەنانەت کۆمەڵایەتیش قەوارەی هەرێمی کوردستان توندتر ئحتیوا بکەن.

هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی زیاتر لە سەدەیەکی خەڵکی کوردستانە. لەم دوو دەیەی ڕابردووی عێراقدا کورد نموونەیەکی دەگمەنی حوکمڕانی و پێکەوەیی و ئازادی لە ناوچەکە نیشاندا؛ لە بەرامبەریشدا پێکهاتەی دەستەڵاتدار"شیعە" شکستی خۆیان لە حوکمڕانی دیموکراسییانە و قبووڵکردنی پێکەوەیی نیشانی هەموو دنیا دا، بۆیە ئيستا هەرێمی کوردستان هەر قەوارەیەک نییە تەنها وەک پێگەی جیۆپۆڵەتیک بەربەست بێت لە بەردەم مەیلی تاکڕەوانەی شیعە، بەڵکوو مەنەسەیەکیشە بۆ گەشەکردنی دیموکراسی و ئازادی و ئاوەدانی و پێکەوەیی لە ناوچەکە بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی.

پەلاماری داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014، دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو، دەتوانین بڵێین، "پلانێکی جیهانی و هەرێمی بوو بۆ ڕاگرتنی ئەم نموونە، بۆ چەککردنی پێشمەرگە، بۆ تەواوکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بوو؛ بەڵام بە پشتیوانی خودا و بە هیممەتی پێشمەرگە، بە سیاسەتی ژیرانەی جەنابی سەرۆک بارزانی، خەڵکی کوردستان بەسەر دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتیدا سەرکەوت.

ئەوەی ئێستا دادگای ناداپەروەری فیدراڵی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی پێشووە، بەڵام بە ڕێگا و بە کەرەستەی جیاواز تر. ئەم دادگایە پێش ساڵێک دۆسیەی نەوتی هەرێمی بە بڕیارێک بردەوە بەغدا، دەیانجار شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند دانیشتنیان کردووە، بەڵام هەر جارەو بەهانەیەک دەکەنە هۆکار بۆ پێنەدانی شایستە داراییەکانی کورد. بە ڕوونیش مەبەستیان دیارە، دەیانەوێت بڵێن: ئێمە نەتەوە یان پێکهاتەی دەستەڵاتداری وڵاتین و دەبێت هەموو شتێک لەم وڵاتە بە فلتەر و بە ڕەزامەندی ئێمەدا تێپەڕێت.

ئەو ڕیفراندۆمەی کە بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی مۆری خاوەنداریەتی لە کوردستان بە کەرکووکیشەوە دا، ئێستا کاتییەتی بخرێتە مەیدان وەک بەڵگەی فشار بەکار بهێنريت. تاوەکو عێراق یان بخرێتە بەردەم دووبارە بوونەوەی ئەزموونی یوگسلافیا، یانیش واقعییەن ناچار بکرێت ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی فیدراڵی.