پۆلیتیکۆ: بەڵگەنامەیەکی نهێنی ناکۆکییەکانی داهاتوو ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەیەکی نهێنی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاندووە، کەمبوونەوە ئاو رەنگە لە داهاتوودا ببێتە هۆی ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی ئەوروپادا.

 لە راپۆرتێکی رۆژنامەکەدا هاتووە: "ئەم مەترسیانە دەتوانن بە شێوەی جۆراوجۆر دەربکەون، هەندێکیان بریتین لە زیادبوونی کێبڕکێکردن لەسەر سەرچاوەکانی ئاو، بەمەش مەترسی سەرهەڵدانی ململانێی لەناو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دا هەیە".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەیەوێت داوا لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بکات ئامادەکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا خێراتر بکەن.

لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، کۆمیسیۆنی ئەوروپا هەفتەی داهاتوو وڵاتانی ئەندام لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە ئاگادار دەکاتەوە.

زانایان لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمەوە وشکەساڵی توندیان لە ئەوروپا تۆمار کردووە،  لەماوەی ساڵی 2015 تا 2019 گەرمای بەهێز لە نیوەی ناوچەکە بڵاوبووەتەوە، لە هاوینی ساڵی 2023 پلەکانی گەرما لە ناوچەی باشووری ئەوروپا گەیشتە 46 پلە و بووە هۆی پچڕانی کارەبا، هەروەها لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا، تێکڕای پلەی گەرمی هاوین لە ئەوروپا بە ڕێژەی 2 پلەی سەدی بەرزبووەتەوە.

لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی رابردوودا ئەلێکساندەر کۆزلۆڤ، وەزیری سامانە سروشتییەکانی رووسیا رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وێستگەی جەمسەری "ڤۆستۆک"ـی رووسیا دەستکەوتووە، هەسارەکە لە قۆناغێکی نێوان سەردەمی سەهۆڵبەنداندایە.