رکابەرێتییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیا توندتر بوون

بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیا
بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیا

K24 - هەولێر

کەمتر لە مانگێک بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ماوە و، رکابەرێتییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن توندتر بوون. بە گوێرەی راپرسییەکانیش، ئەنجامی ئەمجارەی هەڵبژاردن بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2019، زۆر جیاواز نابێت.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و راپرسییەکان پێمان دەڵێن، جیاوازییەکی کەم لە دەنگەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دایە و جگە لە چەند پارێزگایەک، ئەنجامەکانی ئەمجارە زۆر جیاواز نابن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019.

لە ئیستانبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرەڕای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتی "میللەت" کە ساڵی 2019 کاندیدی بوو، هێشتا دەنگەکانی پاراستووە و لە پێش کاندیدی ئاکپارتی و هاوپەیمانێتی کۆمار دایە. کۆتا راپرسییەکان ئەوە دەخەنەڕوو، ئیمامئۆغڵو، 2 بۆ 3 خاڵ لە پێش موراد کوڕوم دایە. هاوکات دەنگی کاندیدانی دەم پارتی کە لە ئیستانبوڵ چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنە دیاری دەکات، لەسەدا 4 بۆ 5ـە.

لە ئەنقەرەی پایتەخت دۆخەکە جیاوازترە، مانسور یاڤاش، کاندیدی جەهەپە 3 بۆ 6 خاڵ لەپێش تورگوت ئاڵتنۆک، کاندیدی ئاکپارتی و هاوپەیمانێتیی کۆمار دایە. زۆربەی راپرسییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، یاڤاش بە ئاسانی براوەی ئەم هەڵبژاردنە دەبێت.

لە پارێزگا کوردییەکان دەم پارتی باڵادەستە و راپرسییەکان پێمان دەڵێن، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" لە هەموو ئەو شارەوانییانە سەردەکەوێتەوە کە لە ساڵی 2019 تێیدا سەرکەوتووبوو.

 هەرچەندە راپرسی لە سیستەمی سیاسەتی تورکیا گرنگییەکی زۆری هەیە، بەڵام هەندێک جار زۆرینەی راپرسییەکانیش شوێنی خۆیان ناگرن، چونکە لە هەڵبژاردنی 14 و 28ـی ئایاری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، سەرەڕای هەموو راپرسییەکان، ئەردۆغان بە جیاوازی دەنگێکی کەم توانیبووی بەسەر رکابەرەکەی سەرکەوێت.