رێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ساڵی 2023 بە "خوێناویترین ساڵ بۆ کۆچبەران" ناودەبات

کۆچکردن بووە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان لە جیهاندا
کۆچکردن بووە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان لە جیهاندا

K24 - هەولێر

کۆچکردن بووە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان لە جیهاندا. رێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتیش 2023 بە "خوێناویترین ساڵ بۆ کۆچبەران" ناودەبات.

رێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێکدا ئاماری ساڵی رابردووی گیانلەدەستدانی کۆچبەرانی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ماوەی ساڵی 2023 گیانیان لەدەستداوە، هەشت هەزار و 565 کۆچبەر بوونە. ئەمەش زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەرانە لە 10 ساڵی رابردوودا و بەراورد بە ساڵی 2022، رێژەی گیانلەدەستدان سەدا 20 زیادیکردووە.

 لە راگەیەنراوەکەی رێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەش کراوە، "رێگای کۆچی سەلامەت و یاسایی هێشتا ژمارەیان کەمە، ئەوەش هانی سەدان هەزار کەس دەدات بەهۆی توندوتیژی پاسەوانی سنوری وڵاتانەوە، رێگا مەترسیدارەکان بگرنەبەر". راپۆرتی رێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، وڵاتان پێویستییان بە گرتنەبەری رێکاری زیاترە لە پێناو رێگریکردن لە زیاتربوونی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کۆچبەران.

پڕۆژەی کۆچبەرە ونبووەکانی سەر بە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2014 دامەزراوە، بنکەیەکی زانیاری کراوەیە کە مردن و بێسەروشوێن بوونی کۆچبەران تۆمار دەکات. لە دوای دامەزراندنییەوە تاکو سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە 63 هەزار حاڵەتی مردن و بێسەروشوێن بوونی لە سەرانسەری جیهاندا تێدا تۆمارکراوە، بەڵام رێکخراوەکانی دیکەی کاروباری کۆچ و کۆچبەران ئاماژە بەوە دەدەن، ژمارەی ڕاستەقینەی گیانلەدەستدان زۆر لەو ژمارانە زیاترە کە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاویاندەکاتەوە.