پەرلەمانتارێکی پێشوو: هەرێمی کوردستان هەردەم جێگای ئاشتەوایی بووە

دانا جەزا، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق
دانا جەزا، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەردەم جێگای ئاشتەوایی بووە بۆ وڵاتانی جیهان و دراوسێ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئاداری 2024، دانا جەزا، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو ململانێ سیاسییەی کە هەیە دژی هەرێمی کوردستان، بابەتێکە کە دەبێت زیاتر قووڵبینەوە لەو هۆکارانەی کەوا دەکات هەندێک لایەن هەوڵبدەن هەرێمی کوردستان لە خشتە بدرێت، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا روو دەدات دیفاکتۆیەکی راستییە دروست بووە.

بەگوتەی ئەو: "هەندێک لایەن و وڵاتانی هەرێمی رەنگە بەو ململانێیە خۆشحاڵ نەبن و بەمەترسی بزانن لەسەر هەرێمی کوردستان، هەرچەندە کەواش نییە، هەرێمی کوردستان هەردەم جێگای ئاشتەوایی بووە، هەموو کات هەوڵی ئەوەی داوە لەگەڵ وڵاتانی جیهان پەیوەندییەکی پتەو دروست بکات. لەسەر بنەمای دراوسێیەتی و سنوور و بنەماکانی پێکەوە ژیان".

دانا جەزا دەشڵێت: "هەرێمی کوردستان ئەوەی سەلماندوویەتی لە رابدروو پێش ساڵانی 2003 و دوای ساڵانی 2003 کە چۆن سیستەمی گۆڕیوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا هەوڵێک هەیە کە هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی ببرێت بەچەندین رێگای جیاواز، بە رێگای دەستوور، بەرێگای پەرلەمان، بەرێگای ململانێی سیاسی و ئابووری چەندان رێگای دیکە.

راشیگەیاند، ئەو هەوڵانەی هێنانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ ناو ململانێیەکان تەنیا لە رێگەی دادگاوە نەبووە، بەڵکو لەرێگەی پەرلەمان و رێگای دیکە بۆ رێگری گرتن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێ نەکردنی دەستوور بووە.