سوید بەفەرمی بووە 32مین ئەندامی ناتۆ

K24 - هەولێر

دوای دوو ساڵ دانوستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوید بە فەرمی دەبێتە، 32مین ئەندامی رێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ".

سەرۆکوەزیرانی سوید، ئۆلف کریستێرسۆن سەردانی واشنتن دەکات، کە بڕیارە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە فەرمی بەڵگەنامەکانی پەسەندکردنی رادەست بکات، کە لە ئەنجامی هەوڵە قورسەکان و دوای دانوستانێکی درێژخایەن لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ناتۆ کارەکان تەواو بوون.

رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئاڵای سوید لەبەردەم بارەگای ناتۆ لە برۆکسل هەڵدەکرێت.

هەفتەی رابردوو رووسیا بەڵێنیدا "رێوشوێنی دژ" لە بەرامبەر بە ئەندامبوونی ستۆکهۆڵم بگرێتە بەر، کە پەیوەستە بە بارودۆخ و رادەی تێکەڵبوونی سوید لەگەڵ ناتۆ.

ئەندامێتی سوید دوای بە ئەندامبوونی فینلاند هات لە ساڵی رابردوودا، بەمەش هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر دەریای باڵتیک جگە لە رووسیا، ئێستا هەموویان ئەندامی ناتۆن.

هەرچەندە سوید و فینلاند بەهۆی پەیوەستبوونیان بە یەکێتی ئەوروپا لە رووی سەربازییەوە لە ئەمەریکا نزیکن، بەڵام لە رووی مێژووییەوە پێیان باشتر بووە لەو هاوپەیمانییە سەربازییە دوور بکەونەوە کە لە سەردەمی شەڕی سارد دژی یەکێتی سۆڤیەت پێکهێنرا.

سوید بەشداری لە هێزەکانی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی دەکات، بەڵام لە دوای ململانێی لەگەڵ نەرویج لە ساڵی 1814 دا تووشی شەڕ نەبووە.

هێلسنکی و ستۆکهۆڵم لە یەک کاتدا کاندیدبوونی خۆیان بۆ پەیوەست بوون بەو هاوپەیمانییە لە ساڵی 2022دا راگەیاند، ئەمەش دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هات.

لە کاتێکدا فینلاند لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا بە فەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە کرد،

ڕاپرسییەکی بۆچوون کە ڕۆژی هەینی لەلایەن ڕادیۆی ئێس ئاڕەوە ئەنجامدراوە، ئاشکرای کردووە کە زۆرینەی سویدییەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان “قوربانییەکی زۆر گەورەی” داوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی هاوپەیمانی سەربازی، بەڵام دان بەوەدا دەنێن کە ئاسایشی سوید بەم هەنگاوە بەهێزتر بووە.

جگە لە کاندیدکردنی بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆ، سوید لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا ڕێککەوتنێکی واژۆکرد کە ڕێگەی بە ئەمەریکا 17 بنکەی سەربازی لەسەر خاکەکەی دابمەزرێنێت.