راپرسییەک: سەدا 78ـی ئافرەتانی عێراق لە شوێنی کارەکانیان رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە

سەدا 78ـی ئافرەتانی عێراق لە شوێنی کارەکانیان رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە
سەدا 78ـی ئافرەتانی عێراق لە شوێنی کارەکانیان رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە

K24 - هەولێر

لە عێراقدا ئافرەتان لە زۆرینەی هەنگاوێکی ژیانیاندا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە. نەبوونی سەروەری یاسا و خەمساردی بەرپرسانی وڵات، بە سەرەکیترین هۆکاری ئەو ئاستەنگییانە دادەنرێن.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2023، سەدا 50.5ـیی دانیشتووانی عێراق لە رەگەزی نێرن و سەدا 49.5ـیان لە رەگەزی مێینەن. لەو رێژەیەش سەدا 70ـیان دانیشتووی شارەکانن و سەدا 30ـیش لە گوند، قەزا و ده‌وروبه‌ری شاره‌كاندا دەژین.

جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە عێراقدا هەمەجۆرن. ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ده‌ڵێت، بەشێکی زۆری ئافرەتان ڕووبەڕووی توندوتیژیی هەمەجۆر و لەوانەش توندوتیژی ئەلیكترۆنی دەبنەوە.

 ناوەندەکە ئاماژە بەوە دەدات، سەدا 50ـی ئافرەتانی هەراسانکراو لە عێراق بەركەوتەی توندوتیژی ئەلیكترۆنی و قسەی نەشیاو و بازرگانی پێکردنن. هۆشداریش دەدات لەوەی، ئەم ڕێژەیە لە دوو ساڵی رابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دەگاتە مەترسیدارترین ئاست لە پێوەرەكانی توندوتیژیی دژی ئافرەتان.

رێکخراوی ئەنجوومەنی میدیایی ئافرەتانی عێراقیش لە ماوەکانی رابردوودا رایگەیاندبوو، بە گوێرەی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوەکەیان، نزیکەی سەدا 77ـی ئافرەتانی عێراق تووشی گێچەڵی سێکسی و هەراسانکردن بوونه‌. هەروەها لە سەدا 78ـیی ئەو ئافرەتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، ڕایانگەیاندووە لە شوێنی کارەکانییاندا تووشی گێچەڵ و ئازاردان بوونەتەوە.

ئازارەکانی ئافرەتان لە عێراق بەردەوامە، شارەزایانی یاساییش هۆکارەکەی بۆ نەبوونی سەندیکا پارێزەرەکان و نەبوونی سەروەری یاسا لە وڵات ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، هەروەها بەهۆی پێنەدانی مافیان لە خێزان و خانه‌واده‌كانیان، ئافرەتان لە ترسدا دەمێننەوە بۆ ناوهێنانی هەراسانکەرەکانیان و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەریان.