ساڵی رابردوو 22 ئافرەت لە ئێران لەسێدارەدراون و زیاتر لە 120 ئافرەتی دیکەش بەتۆمەتی جیاواز کوژراون

K24 - هەولێر

بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە، رێکخراوی هەنگاو تازەترین ئاماری پێشێلکاریی مافەکانی ئافرەتانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی "پێشێلکاریی مافەکانی ژنان لە ئێران لە ساڵی 2023دا" بڵاوکردووەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکان لانیکەم 22 ئافرەت لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارەدراون، کە دەکاتەی 2.7%ی کۆی تەواوی لەسێدارەدراوانی ئێران لە ساڵی رابردوو.

هەروەها 15 ئافرەت لەوانەی ساڵی رابردوو لەسێدارە دراون، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزاکەیان بۆ دەرکراوە ، هەر بە گوێرەی ئامارەکان تەنیا یەک ئافرەت بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و سێ ئافرەتیش بە تۆمەتی تێوەگلان لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون، بەڵام هیچ یەکێک لە لەسێدارەدانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون، بەڵکو سەرجەمیان لە پارێزگاکانی ئێران بوون.

هەر لە ساڵی رابردوودا 325 چالاکوانی ئافرەت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و لە نێویاندا 147 ئافرەت سزای زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانیان بۆ دەرکراوە.

لە نێو ئافرەتە دەستگیرکراوەکاندا، 92کەسیان کوردبوون، کە دەکاتە 28.5%ی کۆی ئافرەتە دەستگیرکراوەکانی ئێران. هەروەها لانیکەم 52 ئافرەتی چالاکوانی بەهاییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی هەنگاو زۆرترین چالاکانی ئافرەت کە لە ساڵی 2023 دەستگیرکراون لە شاری تاران بوون، پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستگیرکردنی 36 ئافرەت لە پلەی دووەم دێت، هەروەها لە سەقز 13 ئافرەت و لە بۆکان حەوت ئافرەت و لە ئیلام پێنج ئافرەتی دیکەی کورد دەستگیرکراون.

هەر لە ساڵی رابردووەدا 18 کچە قوتابی، 17 خانمە میدیاکار و 10 هونەرمەند و ئەکتەر و حەوت مامۆستای ئافرەت بە تۆمەتی جیاواز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە ئێران دەستگیرکراون.

سەبارەت بە ئامارەکانی ساڵی 2023 لە کوشتنی ئافرەتان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیداوە، ساڵی رابردوو لانیکەم 122 حاڵەت کوشتنی ئافرەتان لە شارە جیاجیاکانی ئێران تۆمار کراوە، کە 60 حاڵەتیان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون و 39 حاڵەتیشیان بە پاساوی شەرەف بووە، بەشێک لە کوژراوەکان لەلایەن هاوسەرانی پێشوویان یان خانەوادەکانیان کوژران.