ئەمیر دەعمی: زۆربەی ئەوانەی لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە بێتاوانن

ئەمیر دەعمی، شارەزای یاسایی
ئەمیر دەعمی، شارەزای یاسایی

K24 – هەولێر:

یەکێتی ئەوروپا لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە عێراق نیگەرانە، شارەزاییەکی یاسایی دەڵێت: زۆربەی ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە بێتاوانن.

ئەمیر دەعمی، شارەزای یاسایی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، پێویستە هەندێک یاسا لە عێراق پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، چونکە جێبەجێکردنی هەندێک یاسا خەڵکی بێتاوان تێیدا زەرەرمەند دەبن.

ئەو شارەزایەی سیاسی، باسی لەوەکرد، پێویستە پێداچوونەوە بەۆ دۆسیانە بکرێت کە رێژەیەیکی زۆر هاووڵاتی سزای لە سێدارەدانیان بەسەر سەپێندراوە، لە کاتێکدا هیچ تاوانێکیان ئەنجامنەداوە، تەنیا لە رێگەی هەواڵدەری نهێنییەوە حکومدراون.

ئەمیر دەعمی، هاوکات راشیگەیاند، هاووڵاتی عێراقی وای لێهاتووە یاخی بووە لە هەموو شتێک، تەنانەت بەرانبەر یاساش یاخی بووە، ئەمەش بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا لە هەندێک رووەوە دەگەڕێتەوە.

ئەو شارەزایەی سیاسی، ئاماژەی بەوەدا، دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق وادەخوازێت پێداچوونەوە بە هەموو یاساکان بکرێت، هەروەها ئەگەر لەژێر ئەشکەنجەدان نەبووایە ئەو هاووڵاتییانەی کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە دانیان بەو تاوانانە نەدەنا کە بەسەریاندا سەپێندراوە.

ئەمیر دەعمی، دەڵێت: بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە کە ئەشکەنجەی زیندانییان دەدرێت لە عێراق.

یەکێتی ئەوروپا لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە عێراق نیگەرانە، ئەگەر هەیە 250 کەسی دیکە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێندرێت.

زۆرن ئەو وڵاتانەی لە جیهان سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن، ژمارەیان 54 وڵاتە، نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، یەکێتی ئەوروپا و زۆربەی وڵاتانی جیهان، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤی دەزانن.