ئاماندا: دڵنیام یانەکانی سعوودیە بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکەن

ئاماندا یەکێک لە خاوەنەکانی یانەی نیوکاسڵ یونایتد
ئاماندا یەکێک لە خاوەنەکانی یانەی نیوکاسڵ یونایتد

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بەردەوام دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، گوایە بەرپرسانی سعوودی لە هەوڵی ئەوەدان کە بتوانن یوێفا رازی بکەن، یانەیەکیان ساڵانە بەشداری چامپیۆنزلیگ بکات.

لەم ساڵانەی دواییە، سعودییەکان توانیویانە بە پارەی خەیاڵی، یاریزانانی هاوشێوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و کەریم بێنزیما بگوازنەوە خولەکەیان. هەروەها بە کڕینی پشکەکانی یانەی نیوکاسڵ لە ساڵی 2021، سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە نیشانیدا کە پلانێکی گەورەی هەیە بۆ کارکردن لە بواری تۆپی پێدا، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتەش.

ئاماندا یەکێک لە خاوەنەکانی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگڵتەرا، لە پەراوێزی ئەم دواییەی لوتکەی بلومبێرگ رایگەیاند '' من زۆر دڵنیام کە یانەیەکی سعوودی بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکات. نازانم ئەم بابەتە چەند کات دەخایەنێت، بەڵام ئەوەی من لەبارەی سعودییەکانەوە بزانم، پێموانییە زۆر بخایەنێت ''.

لەلایەکی دیکەوە دوای بڵابونەوەی ئەو دەنگۆیانە، ئالێکساندەر سێفرین سەرۆکی یوێفا، هەر زوو ئەم دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ناکرێت یانەیەکی دەرەوەی کیشوەری ئەوروپا، رێگەی پێبدەن بەشداری هیچ پاڵەوانتیەکەیان بکات.