کلۆپ ئامادەنیە بەشداری یۆرۆ 2024 بکات

ێۆرگێن کلۆپ راهێنەری یانەی لیڤەرپوول
ێۆرگێن کلۆپ راهێنەری یانەی لیڤەرپوول

یۆرگێن کلۆپ ئەم وەرزە دوایین وەرزی دەبێت لەگەڵ یانەکەی لیڤەرپوول، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە راهێنەرە ئەڵمانیەکە رێدز چارەنوسی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەنگۆیەکی زۆر لەسەر داهاتووی دەبیسترێت.

سەرەتا بەرپرسانی فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئەڵمانیا، هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی کلۆپ رازی بکەن، لە دوای یۆرۆی 2024 ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان وەرگرێت، بەڵام نەیانتوانیوە ناوبراو رازی بکەن، لەبەر ئەوەی راهێنەرەکەی رێدز دەیەوێت لە داهاتوو لەگەڵ یانەکان بەردەوام بێت.

نزیکەی 100 رۆژ بۆ دەست پێکردنی یۆرۆ2024 ماوە، کەناڵەکانی بەریتانیا لەوانەش BBC و ITV ئۆفەرێکیان پێشکەشی راهێنەرە ئەڵمانیەکە کردووە، بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو وەکو شرۆڤەکانی پاڵەوانتیەکە لەگەڵیان کار بکات، بەڵام کلۆپ ئۆفەری هەردوو کەناڵەکەی رەتکردووەتەوە.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، چەندین کەناڵی نێوخۆیی وڵاتەکەیان لە هەوڵی رازیکردنی راهێنەرە ئەڵمانیەکە، بەڵام کلۆپ بڕیاریداوە لەگەڵ خانەوادەکەی بێت و لە کاتی بەڕێوەچوونی یۆرۆی 2024 وەکو بینەر سەیری یارییەکان بکات.