نۆ وڵاتی ئەوروپا داوای سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران دەکەن

K24 - هەولێر

وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا داواکارییەکیان داوەتە جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتییەکە و داوای سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزا بە سەر ئێران دەکەن، بەهۆکاری چالاکییەکانی لە پەرەپێدانی مووشەک و درۆن. لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بە هێرشە مووشەکەی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵ بۆ سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی لە هەولێر کردووە و رایانگەیاندووە، لە هێرشەکاندا هاووڵاتییەکی ئەوروپی بووەتە قوربانی کە منداڵێکی 11 مانگە بووە.

پێگەی ئەلیکترۆنی دێرشپیگڵ ئۆنلاین ئاماژەی بە ناوەڕۆکی ئەو نامەیە کردووە، کە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، چیک، دانیمارک، هۆڵەندا، رۆمانیا، ئیستۆنیا، لیتوانیا و لیتۆنی بە هاوبەشی بە بۆڕێلیان داوە و بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر عێراق، سووریە و پاکستان، هاووڵاتییانی ئەوروپی بوونەتە قوربانی، بۆ ئەمەش ئاماژەی بە شەهید ژینا دزەیی کردووە و نووسیویەتی، لە هێرشە مووشەکەی ئێران لە عێراق منداڵێکی 11 مانگە شەهیدکراوە، بەڵام بۆڕێل هێشتا وەڵامێکی ئەوتۆی نەداونەتەوە.

لە داواکارییەکەی ئەم نۆ وڵاتەدا هاتووە، ئێران بە تەنیا پشتیوانی لۆجستی بە رووسیا نادات، بەڵکو مووشەک و درۆن بە تەواویی میلیشیا توندڕەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، ئەوانیش لە عێراق و سووریا هێرشی سەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن، کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شەڕی داعش لە ناوچەکەن.

لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەیاندوە، حزبوڵڵای لوبنانی دەستی بە مووشەک و درۆنی ئێران گەیشتووە، هاوکات چەکدارە حوسییەکانی یەمەن بە مووشەک و درۆنی ئێرانی بوونەتە هەڕەشەکە لە سەر بازرگانی جیهانی لە دەریای سوور.

وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا ئاماژەیانداوە، بەرنامەی مووشەکیی و درۆنی ئێران بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی هاوبەشەکانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا هەژمار دەکرێت، هەربۆیە پێویستە هەرچی زووە پاکێجێکی نوێی سەپاندنی سزا بە سەر ئێران جێبەجێ بکرێت، دواتریش هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و پڕچەک دەکرێن، سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.

کاتژمێر 11:30خولەکی شەوی (15ی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی لەو هەولێر ماڵی گەورە بازرگانی کورد، پێشڕەو دزەیی کردە ئامانج، بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون، کە یەکێکیان ژینای 11مانگ، کچی شەهید پێشڕەو بوو، هەروەها شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە سەرجەمیان سڤیل بوون، دوای هێرشەکەش راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش، قاسم ئەعرەجی، کە سەرۆکی لیژنە لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بووە، دوای بەسەرکردنەوەی بریندارانی هێرشەکە و سەردانیکردنی ماڵە وێرانکراوەکەی شەهید پێشڕەو، بانگەشەو پڕوپاگەندەکانی ئێران و سوپای پاسدارانی رەتکردەوەو رایگەیاند، ئەو شوێنەی مووشەکبارانکراوە ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیلە، نەل بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیل.