حوسێن قائیدی: ده‌سه‌ڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان رێگه‌مان پێناده‌ن بچینه نێو كه‌مپی هۆل
K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی رزگاركردنی ئێزدییه رفێندراوه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كات، یه‌كێك له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانیان بریتییه له دۆزینه‌وه‌ی كچان و ژنانی رفێندرا‌و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه. ده‌شڵێت، چه‌ندین جار هه‌وڵیان داوه بچنه نێو كه‌مپی هۆل، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان و كه‌مپه‌كه، رێگه‌یان پێ نه‌داون.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 7ـی ئاداری 2024) حوسێن قائیدی، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی رزگاركردنی ئێزدییه رفێندراوه‌كان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، یه‌كێك له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانیان بریتییه له دۆزینه‌وه‌ی كچان و ژنانی رفێندرا‌و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه، كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌وه‌ته‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی نووسینگه‌كه توانیویانه هه‌وڵی رژد له‌و پێناوه‌دا بده‌ن.
حوسێن قائیدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له چه‌ند رۆژی رابردوودا كچێكی ئێزدی له كه‌مپی هۆل رزگار كرا و گه‌ڕێندرایه‌وه شنگال و ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌ی و خه‌ڵكی شنگاله‌وه پێشوازی لێ كرا.
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی رزگاركردنی ئێزدییه رفێندراوه‌كان گوتیشی، ئه‌وان وه‌كو نووسینگه‌كه‌یان كاری رژدیان كردووه بۆ دۆزینه‌وه و به‌دواداچوونی كچان و ژنانی ئێزدی كه له ساڵی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه رفێندراون.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، زۆربه‌ی كچان و ژنه ئێزدییه رفێندراوه‌كان له سووریا‌ن و زۆربه‌یان له‌ناو كه‌مپی هۆل ده‌ژین. گوتیشی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دۆسیه‌ی به‌دواداچوونیان كردووه‌ته‌وه.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، چه‌ندین جار هه‌وڵیان داوه بچنه نێو كه‌مپی هۆل، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان و كه‌مپه‌كه، رێگه‌یان پێ نه‌داون.
رۆژی (شه‌ممه 2ـی ئاداری 2024) کوڤان عیدو، كچه ئێزدییه‌كی رفێندراوی چه‌كدارانی داعش كه له 3ـی ئابی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه رفێندرابوو، له كامپی هۆل له سووریا ده‌رباز كرا.
ئه‌و كچه ته‌مه‌ن 26ـی ساڵییه كاتێك له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش له شنگال رفێندرا، ته‌مه‌نی ته‌نیا 16 ساڵ بوو و یه‌كێكه له هه‌زاران قوربانی دیكه‌ی ده‌ستی چه‌كدارانی داعش.
رۆژی 16ـی شوباتی 2024، ئەسما محەممەد، هاوژینی ئەبوبەکر بەغدادى، ئەمیرى پێشووى رێکخراوى داعش، له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوه‌كرد، ئەبوبەکر بەغدادی زیاتر لە 10 کەنیزەکى ئێزدى هەبوو و لە دواى راگەیاندنى خەلافەتى داعش، هاوسه‌رێكی 14 ساڵانى عێراقى و هاوسه‌رێكی دیکەى چیچانىشی هێناوە. گوتیشی: "رێكخراوی داعش دەوڵەتى ئیسلامیان بۆ دەوڵەتى ژنان گۆڕی".
رێكخراوی داعش له حوزه‌یرانی 2014ـدا شاری مووسڵی كۆنتڕۆڵ كرد و له ئابی هه‌مان ساڵدا هێرشی كرده سه‌ر شنگال و هه‌ڵمه‌تێكی نامرۆییانه‌ی دژ به ئێزدییه‌كان و خه‌ڵكی شاره‌كه ئه‌نجام دا.