ئیسرائیل پلان بۆ هێرشی فراوان بۆسەر لوبنان دادەنێت

K24 – هەولێر:

میدیای ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، هێرزی هالێڤی سوپاسالاری ئیسرائیل سەرقاڵی پلاندانە بۆ ئەنجامدانی هێرشی فراوان بۆسەر لوبنان و دوورخستنەوەی چەکدارەکانی حیزبوڵڵا لە سنوورەکانی ئیسرائیل.

میدیای ئیسرائیلی باسیان لەوەشکردووە، لەسەر فه‌رمانی سوپاسالار، سوپای ئیسرائیل بەشێک لە لیواکانی لە شەڕی غەززەوە بۆ سنوورەکانی لوبنان گواستووتەوە، ئەگەریشی هەیە بەمزووانە شەڕی ئیسرائیل و لوبنان بۆ شەڕێکی گشتگیریی فراوان سەربکێشێت.

ئاماژەیان بەوەشداوە، ئیسرائیل دەیەوێت چەکدارانی حیزبوڵڵا 10 کیلۆمەتر لەسنوورەکانیان دووربخەنەوە.

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و لوبنان بووەتە شوێنی بۆردومانەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و گروپی حزبوڵڵای لوبنان.

پێشتریش ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حزبوڵڵای لوبنان 19 جار خاکی ئیسرئیلی بە ئامانج گرتووەو بەهۆیەوە 9 سەرباز و زیاتر لە شە هاووڵاتیی مەدەنی ئیسرائیل کوژراون، هەروەها سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕیان لەگەڵ چەکدارانی حەماس تاوەکوو ئێستا لە هێرشەکاندا 236 کەسیان لە باشووری لوبنان کوشتووە، لە نێویاندا 175یان ئەندامانی حزبوڵڵا ببون.