هەزاران ئافرەتی نێو کەمپەکان هاوسەرەکانیان بەهۆی جەنگەوە لەدەستداوە

کەمپی ئاوارەکان
کەمپی ئاوارەکان

K24 – هەولێر:

بە هەزاران ئافرەتی ئاوارە و پەنابەر لەناو کەمپەکاندا هەن و بێ کەسوکار ماونەتەوە، ئێستا ئەو خانمانە ئه‌ركی به‌خێوكردن و سەرپەرشتی ماڵ و منداڵەکانیان دەکەن، لە رۆژی جیهانی ئافرەتانیشدا، ئەوان سەرقاڵی پەیداکردنی نان و بژێوی ژیانن، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی منداڵاکانیان بکەن.

مونا نووری، ئاوارە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە لە دەستدانی هاوسەرەکەم باری ژیانم دوو جار قورس بووە، چونکە لە ئێستادا من هەم دایکم، هەم باوکم، هەروەها من خاوەنی پێنج منداڵم.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، هیچ مووچەیەکی نییە، رێکخراوەکان، دراوسێکان و خێرخوازان هاوکاری دەکەن و بژێوی ژیانی بۆ دابین دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە سەنا سامر، ئاوارە بە کوردستان24ـی گوت: من هاوسەر و کوڕەکەم لەدەستدا، لە ساڵی 2016ـەوە تووشی نەخۆشی شەکرە بوومە، بۆیە ئەو کارەی کە من پێشتر ئەنجاممدەدا ئێستا ناتوانم ئەنجامی بدەم، هەروەها ناردنی هاوکارییەکان بۆ ئاوارەکان وەک پیشتر نەماوە ئێستا زۆر کەمبووەتەوە.

بەشێک لەو ئافرەتانەی کە لە نێو کەمپەکان دەژین قوربانی جەنگ و کارەساتەکانن، هاوکات بەلەدەستدانی هاوسەرەکانیان ئەرکیان ئێجگار قورس بووە، چونکە لە ئێستا هەم رۆڵی دایک دەگێڕن هەم باوک.