سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای هەمەجۆرکردنی داهاتەکان لە عێراق دەکات

K24 – هەولێر:

لەکاتێکدا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جەخت لە پشتیوانیکردنی چاکسازیکردن لە ئابووری عێراق دەکاتەوە، هاوکات شارەزایانی بواری سیاسەتی ئابووری ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە شیدەکەنەوە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە داوا لە عێراق دەکات پشتبەستن بە نەوت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات کەم بکاتەوە هەروەها چاکسازی هەمەلایەنە لە کەرتەکانی دیکەی ئابووری ئەنجام بدات.

سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەردەوامی رێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ماوەی دوو دەیەیە سەرکەوتوو نەبوون لە دامەزراندنی بناغەی ئابوورییەکی زیندوو و  بە هەمەچەشنکردنی داهاتەکان.

لە نوێترین راپۆرتیدا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت: پێویستە حکومەتی عێراق هەناردەی نانەوتی زیاتر بکات بۆ پشتیوانیکردنی داهاتەکانیی، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی بەرکەوتنی ئابوورییەکەی بە شۆکەکانی نرخی نەوت.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات: پشتیوانی لە فراوانکردنی قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەتدا بکات و، هەنگاوێکی سەردەمیانە لە کەرتی داراییدا پیادە بکات، جگە لە پێداچوونەوە بە  بانکە دەوڵەتییەکان و، دانانی سنورێک بۆ گەندەڵی لە رێگەی چاکسازیکردن لە کەرتەکانی خانەنشینی و ،کارەبا و، تێکڕای کەرتەکانی دیکە.

بە گوتەی عەبدولرەحمان مەشهەدانی مامۆستای پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان کە بۆ "میدیای عەرەبی" قسەی کردووە، دیارترین ئاستەنگی لەبەردەم چاکسازیکردن لە کەرتی دارایی و ئابووری  هەمەلایەنە، لە عێراق، نەبوونی ئیرادەی سیاسییە.

عەبدولرەحمان شێخلی پسپۆڕی ئابووری بە کەناڵی "میدیای عەرەبی" گوتووە:  بەریەککەوتن و، پشک پشکێنەی تائیفی و، مەیل بۆ وڵاتانی دراوسێ، ڕێگرن لە گەشەسەندنی ئابووری عێراق، ئەو پێی وایە زۆرینەی لایەنە عێراقییەکان بۆ بەخێوکردنی خۆیان پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن بێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بۆ بیناکردنەوەی ئابووری گشتی بدەن.دەشڵێت دامەزراوە پیشەسازیی و،کشتوکاڵییەکان لەدوای ساڵی 2003 ـوە توانای خۆ گونجاندنیان لەگەڵ پێشهاتەکانی سەردەمدا لەدەستداوەو، ئەگەری دووبارە بەگەڕخستنەوەیان نییە و  حکومەت رۆڵی بەرهەمهێنەر لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆدا ناگێڕێت،تەنانەت ئەو چەند ملیۆن کەسەی کە ساڵانە لەگەشتی ئایینیدا روودەکەنە عێراق، ڤیزایان بەبێ بەرامبەر پێ دەدرێت.

ئەو ئابووریناسەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە: تەنیا لەماوەی ساڵی 2023دا، لەعێراق و، بەبێ هەرێمی کوردستان، 47  ترلیۆن دینار کە دەکاتە 33 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ مووچە و، کرێیەکان، دابینکراوە، وێڕای ئەوەی حکومەتی عێراق لەپلانیدایە کرێیە گشتییەکان بە بڕی 6  ملیار دۆلار زیاد بکات.

70 ساڵە عێراق پشت بە داهاتی نەوتیی دەبەستێت، بە گوێرەی بەدواداچوونێکی فرانس پرێس: داهاتی نەوتی %90ـی داهاتی دارایی عێراق پێک دەهێنێت، هەروەها  عێراق دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کە رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات.لە کاتێکدا، رێژەی خەمڵێندراوی دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن کەسە و، زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدان.