بایدن: سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە كۆنتڕۆڵكردنی ئێران

جۆ بایدن لە کۆنگرێس - وێنە: AFP
جۆ بایدن لە کۆنگرێس - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

سەرۆكی ئەمەریكا لەمیانی پێشکەشکردنی وتاری ساڵانەی لە کۆنگرێس رایگەیاند، هەبوونی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، واتە كۆنترۆڵكردنی ئێران و ئاماژەی بەوەشکرد، بەندەرێكی كاتی لە كەناراوەكانی غەززە دروستدەكەن و رۆژانە لەرێگەی كەشتییەوە هاوكاری مرۆیی دەگەیەننە غەززە.

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا سێیەم وتاری ساڵانەی لە كۆنگرێس پێشكەشكرد. وتارەكەی 68 خولەك بوو، سیاسەتی ئیدارەكەی بۆ پرسە جیاوازەكان لە ناوخۆ و دەرەوە خستەروو.

سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئامانجی ئەم وتارەم ئەوەیە كۆنگرێس و خەڵكی ئەمریكاش ئاگاداربكەمەوە، رووبەرووی دۆخێك بووینەتەوە لە جیهان، هاوشێوەی نەبووە.

بایدن لەبارەی قەیرانەكان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەڵوەستەی كرد. لەبارەی شەڕی غەززەوە رایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی راسپاردووە بەندەرێكی كاتی لەسەر دەریای ناوەراست دروست بكەن و بەردەوام هاوكاری مرۆیی بگەیەننە خەڵكی غەززە.

بایدن گوتی: "ئەمشەو فەرمانم بە سوپای ئەمەریكا كردووە، دەست بە ئەركێكی بەپەلە بكەن و بەندەرێكی كاتی لەسەر دەریای ناوەراست دروست بكەن لە كەناراوەكانی غەززە، بۆ ئەوەی ئەو كەشتیانەی خۆراك و ئاو و دەرمان و پەناگەی كاتیان پێیە لەوێ لەنگەر بگرن. هیچ سەربازێكی ئەمەریكیش پێی لەسەر زەوی دانانێت. لەرێگەی ئەم بەندەرە كاتییەوە قەبارەی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ خەڵكی غەززە زۆر زیاتر دەبێت".

بایدن دڵنیاییدایە كەسوكاری بارمتەكان، لە هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەیان راناوەستێت. لەبارەی ئاڵۆزییەكانی دیكە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، جۆ بایدن رایگەیاند، گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست واتە، كۆنترۆڵكردنی هەڕەشەكانی ئێران.

سەرۆكی ئەمەریكا بە روونی گوتی: " بەدیهێنانی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستی، واتە كۆنترۆڵكردنی ئەو هەڕەشانەی ئێران لەناوچەكە دروستیكردوون. هەربۆیە هاوپەیمانیەكم پێكهێناوە كە زیاتر لە 12 وڵاتی تێدایە بۆ پاراستنی رێرەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەكان و هاتووچۆی كەشتیە بازرگانییەكان لە دەریای سوور. فەرمانمداوە بە ئەنجامدانی هێرش بۆ لاوازكردنی توانای سەربازی حوسییەكان و پاراستنی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە. وەك فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەكان، هیچكات دوودڵ نابم لە گرتنەبەر رێكاری دیكە بۆ پاراستنی خەڵك و سوپای ئەمەریكا".

جۆ بایدن زیاتر لە 13 جار هێرشیكردە سەر ترەمپ و بە ناراستەوخۆ ناوی هێنا. لەبارەی رووسیا و ئۆكرانیاشەوە رایگەیاند، هیچكات لە ئۆكرانیا دوورناكەوینەوە و لەبەرامبەر خۆمان ناچەمێنین. بۆ چینیش دەڵێت، نامەوێت رووبەڕووی چین ببمەوە بەڵام دەمەوێت كێبڕێكی تەندروستمان هەبێت.