کوردستانیانی بەریتانیا یادی 8ـی مارس دەکەنەوە

K24 – لەندەن:

ژمارەیەک لە کوردستانیانی دانیشتووی بەریتانیا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە، چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا و جەختیان لە پشتیوانیکردن لە مافی ئافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کردەوە.

ئێوارەی رۆژی (8ـی مارسی 2024) بە هاوبەشی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و ماڵی هونەریی مریەم خان، لە لەندەن کۆبوونەوەیەکی پڕ لە گفتوگۆ و چالاکی هونەری بەڕێوەچوو.

لەو رێورەسمەدا، شیلان غەفوور کە کوردێکی دانیشتووی بەریتانیایە و تاکە کوردە ئەندامە لە لیژنەی دیاریکردنی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە و باسی لە چیرۆکی سەرکەوتنەکانی خۆی کرد، کە یەکێکە لە نموونەی ئافرەتانی سەرکەوتووی کورد لە بواری زانستیدا.

لەلایەن خۆیەوە، کاروان جه‌مال تاهیر، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا جەختیکردەوە کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی ئەو رێکخراوانە بۆ ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر و پاراستنی کولتووری نەتەوەیی و بەرزراگرتنی بۆنە و یادە نیشتمانی و گشتییەکان. هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، هاوبەشیکردن و هاوکاریکردنی رێکخراوە کوردستانییەکان لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ئەنجامدانی چالاکییەکانیان نیشانەی بوونی پەیوەندی بەهێزی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە.

ماڵی هونەریی مریەم خان، رێکخراوێکی کوردییە کە ماوەیەکە دامەزراوە و گرنگی دەدات بە هونەر و کولتوور لە بەریتانیا و قەشەنگ عەبدوڵڵا، یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: بەنیازن لە داهاتوودا چالاکییەکانییان لە زۆربەی شارەکانی ئەوروپا و کوردستانیش ئەنجام بدەن.

لەبارەی ناوی رێکخراوەکەیانەوە، قەشەنگ عەبدوڵڵا گوتیشی: دەیانەوێت خزمەتێک بکەن بە هونەرمەند و یەکەم مەقامبێژی ئافرەتی کورد "مریەم خان"  کە خزمەتێکی زۆری پێشکەشکردووە لە مێژووی هونەری کوردیدا.

0
0
0
0
0
0
0
0
0
0
0