خانمانی کورد خاوەنی چەندین کار و پیشەی خۆیانن

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

ئابووری سەربەخۆ و بەشداری ئافرەتان و خانمان لە سێکتەری ئابووری، بە یەکێک لە بەهێزترین خاڵی سەربەخۆیی خانمان دانراوە، خانمانی کوردیش لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا خاوەنی چەندین کار و پیشەی تایبەتی خۆیانن و هەلی کاریشیان بۆ کەسانی دیکە رەخساندووە.

شیرین یەحیا، ئەندامی ژووری بازرگانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە سێکتەری بازرگانی ئافرەت لە دێر زەمانەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، ئەو رێژە کەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، سەرەکیترینیان ترسە لە شکست".

لەلایەن خۆیەوە دڵسۆز ماوەتی، ئەکتەر و خاوەنکار، دەڵێت: "مەرج نییە ئافرەت تەنیا کاری خۆی هەبێت، ئەگەر بێتو وەک کارمەند لە شوێنێکیش کار بکەت هەر گرنگە، کارکردن بۆ ئافرەتان زۆر گرنگە چونکە بەرپرسیارەتی خۆیان دەکەوێت ئەستۆی خۆیان".