ئەنسام سەلمان: هیچ یاساییەک لە عێراق بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان دەرنەچووە

ئەنسام سەلمان، چالاکوانی ئافرەتان
ئەنسام سەلمان، چالاکوانی ئافرەتان

K24 – هەولێر:

چالاکوانێکی ئافرەتان، دەڵێت: مافی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان هیچ جیاکارێک لە نێوان ئافرەت و پیاودا نییە.

ئەنسام سەلمان، چالاکوانی ئافرەتان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، مافی ئافرەتان لە عێراق پارێزراو نییە، رۆژ لە دوای رۆژ تاوانەکان و دەستدرێژیکردن بەرامبەر بە ئافرەتان زیاتر دەبن.

ئەو چالاکوانەی ئافرەتان دەڵێت: پەرلەمانی عێراق لە چەندین خولیدا جددی نەبوونە لە دەرکردنی هیچ یاسایەک لەسەر مافی ئافرەتان، پەرلەمان تاوەکو ئێستا دانی بە مافی ئافرەتان نەناوە.

ئەنسام سەلمان، باسی لەوەکرد، لە عێراق زۆر جۆری توندوتیژیمان هەیە بەرامبەر بە ئافرەت، بەڵام ئەوەی زۆر بەربڵاوە توندوتیژی دەروونی و جەستەیی بەربڵاوە.

ئەو چالاکوانەی ئافرەتان، ئاماژەی بەوەدا، کۆمەڵگەی عێراقی بەداخەوە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار و باوکسالارە، هەمیشە گرنگی بۆ پێگە و رای ئافرەت دانانرێت.

ئەنسام سەلمان، گوتی: داوادەکرێت لە عێراق سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت کە چۆن مافی ئافرەت دەدرێت، ئافرەتان مافیان لە هەرێمی کوردستان پارێزراون.

گوتیشی: هەرێمی کوردستان هیچ جیاکارییەک لەنێوان ئافرەتان و پیاواندا ناکرێت، لە رووی بەرپرسیارێتییەوەش ئەو بەرپرسیارێتییە بە پیاو دەدرێت لە هەمان کاتیشدا بە ئافرەتیش دەدرێت.