بەشێک لە سوننەکان کاندیدێکی هاوبەشیان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

دواجار بەشێک لە سوننەکان لە سەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێککەوتن و لە نووسراوێکی هاوبەشدا، کە کۆپیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، پەرلەمانتار سالم مەتەڕ عیساویان بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناساندووەو داوای رێکخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان.

لە نووسراوە هاوبەشەکەدا، سەرۆکی کوتلەی هەر سێ لایەنی سوننە، هاوپەیمانی عەزم و حزبی سیادە و هاوپەیمانی حەسمی وەتەنی واژۆیان کردووە و ئاماژەیانداوە، "ئێمە پەرلەمانتار سالم مەتەڕ عیساوی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کاندید دەکەین، بەو پێیەی تایبەتمەندییەکانی ئیدارەدانی ئەو پۆستەی هەیە".

هەروەها داوایان کردووە پەلە بکرێت لە دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق. ئەمەش لە کاتێکدایە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی تا یەکلاییکردنەوەی داوای یاسایی پێدانی بەرتیل بە بەشێک لە پەرلەمانتاران بۆ هەڵبژاردنی کاندیدان سەرۆکی نوێی پەرلەمان، کۆبوونەوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک نوێی پەرلەمانی عێراق بۆ مانگی نیسان دواخراوە.

پێشتر خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، لەگەڵ زۆرێک لە پەرلەمانتارە سووننەکان رێککەوتوون بۆ ئەوەی خشتەیەکی کار دابنێین و کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.

راشیگەیاندبوو، نابێت لەمە زیاتر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە بمێنێتەوە، چونکە دەبێتە مایەی کێشە بۆ پڕۆسەی سیاسی عێراق.

رۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023)، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

کاندیدکردنی سالم مەتەڕ عیساوی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
کاندیدکردنی سالم مەتەڕ عیساوی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

سالم عیساوی کێیە:

سالم مەتەڕ عەبد حەسەن عیساوی لە دایکبووی 1972 ـە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە، پێشووتر لە (2010-2014) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بووە، هەروەها لە خوولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق (2014-2018) نوێنەری پارێزگا ئەنبار بووە لە لیژنەی نەزاهە، ئێستاش لە خوولی پێنجەم پەرلەمانتارەو نوێنەرایەتی پارێزگای ئەنبار دەکات و ئەندامە لە لیژنەی کارەبا.

سالم عیساوی ئەندامی بەرەی دیالۆگی نیشتمانییە بە سەرۆکایەتی ساڵح موتڵەگ، کە ئێستا بەشێکە لە ئیتیلافی عێراقیەی عەرەبی.

تاوەکوو ئێستا دوو گەڕ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، گەڕی یەکەمی لە (13ی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەچوو، کە 314 پەرلەمانتار دەنگیاندا، شەعلان کەریم کاندیدی حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی، بە 152 دەنگ زۆرترین دەنگ و سالم عيساوی له هاوپه‌یمانی‌ سیاده‌ 97 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی كێشه‌‌ نه‌توانرا گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ درێژەی پێبدرێت هەربۆیە پرۆسەکە دواخرا.

هەروەها لە رۆژی (14ی کانوونی دووەمی 2024) بەهۆی تەواو نەبوونی رێژی یاسایی نەتوانرا گەڕی دووەمی دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت.

دواجار بڕگەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لادرا تا ئەو کاتەی ئەو داوا یاساییە یەکلایی دەکرێتەوە، کە لە سەر پێدانی بەرتیل بۆ کۆکردنەوەی دەنگی پێویست بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان گوایە بە بەشێک لە پەرلەمانتاران دراوە.

بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، کۆبوونەوەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ دواخراوە.