ئەردۆغان بۆ یەکەم جار باسی وازهێنان لە دەسەڵات دەکات

K24 - هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ هەینی بۆ یەکەمجار باسی لە جێهێشتنی دەسەڵات کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە لە 31ـی ئاداردا بەڕێوەبچێت، دواهەمین هەڵبژاردنەکانی دەبێت.

ئەردۆغان کە لە ساڵی 2003ەوە دەسەڵاتدارە و دەڵێت: بێ وەستان بەردەوامم لە کارەکانم، بێ هەناسەدان رادەکەین، چونکە لای من ئەمە کۆتاییە، بەو دەسەڵاتەی بە یاسا پێم دراوە، ئەم هەڵبژاردنانە دوا هەڵبژاردنی منە.

ئەردۆغان 22 رۆژ پێش هەڵبژاردنەکان لە دامەزراوەی گەنجانی تورکیا گوتی: "ئەنجامەکە دەبێتە نیعمەتێک بۆ براکانم کە دوای من دێن، گواستنەوەی متمانە دەبێت".

گرەوێکی سەرەکی هەڵبژاردن بۆ پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، گەڕاندنەوەی ئیستانبوڵە، کە پایتەختی ئابووریی ئەو وڵاتەیە، لە ساڵی 2019دا کەوتە دەستی ئۆپۆزسیۆن و ئەردۆغان خۆی لە ساڵانی نەوەدەکاندا سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە بووە.