محەممەد سابیر: حکومەتی عێڕاق بڕیارەکانی بەدەست حکومەتی سێبەرەوەیە

"عێراق حکومەتێکی بەهێز و خاوەن بڕیار نییە"
محەممەد سابیر، شرۆڤەکاری سەربازی
محەممەد سابیر، شرۆڤەکاری سەربازی

K24- هەولێر

شرۆڤەکارێکی سەربازی رایگەیاند، عێراق حکومەتێکی بەهێز و خاوەن بڕیار نییە، بۆیە بڕیارەکانی حکومەتی فێدڕاڵی عێراق زیاتر لە حکومەتی سێبەرەوەیە.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئاداری 2024، محەممەد سابیر، شرۆڤەکاری سەربازی لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بەبۆچوونی من داعش هێشتا مەترسییە، بەڵام مەترسییەکی زۆر نا چونکە وەکو بیر وەکو فکر داعش هێشتا ماوە. و هەندێک گرووپیان تا ئێستا لە هەندێک ناوچە چالاکە بەتایبەت لە ناوچەی جێ ناکۆک، ئەویش بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیتیحاد دا.

بەگوتەی ئەو شرۆڤەکارە: "تا ئێستا چارەسەرێک بۆ ئەو کێشانە نەدۆزراوەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکەن. هەر لەبەر ئەوەیە ئەو ناوچانە بوونەتە هێلانەی نەک داعش، بەڵکو ئەو گرووپانەی لەیاساش دەرچوون، بەتایبەت هەوڵی ئەوە دەدەن ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان تێکدەدەن، بۆیە چەندان جار لەو ناوچانەوە هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت فڕۆکەخانە و هەندێک شوێنی دیکە لە هەولێر.

محەممەد سابیر ئەوەشی نە شاردەوە کە هیچ سوودێکی حکومەتی عێراقی تاکو ئێستا دیار نییە، جگە لەوەی کە حکومەتێکی بەهێز نییە لە عێراقدا، هەروەها خاوەن بڕیاریش نییە. بۆیە بڕیارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق زیاتر لە حکومەتی سێبەرەوەیە، ئەو حکومەت سێبەرەش بەرژەوەندی ئەوەیە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەمووکات لە تەنگژەدا بێت. بۆیە نایەوێت ئەو بۆشاییە پڕ ببێتەوە و هێزی هاوبەش و نیشتیمانی هەبێت، لەنێوان هەرێمی کوردستان حکومەتی عێراقدا.