ئەنجومەنی ئاسایش داوای راگرتنی شەڕی سوودان دەکات لە رەمەزاندا

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکانی لە سوودان بۆ مانگی رەمەزان کرد، هەروەها بڕیارنامەیەکی پەسەند کردووە کە لەلایەن بەریتانیاوە بە زۆرینەی 14 دەنگ داڕێژرابوو، هاوکات رووسیاش دەنگی نەداوە.

چین دەڵێت: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە زووترین کات پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی سیاسی و هێنانەدی ئاشتی بۆ سوودان.

لە بەرامبەردا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هەردوو لایەنی شەڕی سوودان کرد کە رێکبکەون لەسەر راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە مانگی رەمەزاندا.

گۆتێرێس بە ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند، "ئەم وەستانەی شەڕ و پێکدادانەکان دەبێت ببێتە هۆی وەستانی کۆتایی شەڕ لە سەرتاسەری وڵاتدا، هەروەها ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ گەلی سوودان دابڕێژرێت"، ئەمەریکاش دەڵێت: لایەنە شەڕکەرەکان تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە سوودان کە لە 15ـی نیسانی 2023 روویدا، ئەنجومەنی ئاسایش تەنیا سێ بەیاننامەی رۆژنامەوانی دەرکردووە کە توندوتیژییەکانی ئیدانە کردووە.

لە 15 نیسانی ساڵی 2023ەوە، شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رویدا، تاوەکو ئێستا بە دەیان هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.