جموجووڵەکانی داعش زیادی کردووە و هاووڵاتییانی مەدەنی دەڕفێنن

K24 - هەولێر

چەکدارانی داعش لە عێراق جموجووڵەکانیان زیادیکردووە و تاکتیکێکی نوێ لە هێرش و پەلاماردانەکانیان لە بەکاردە‌‌‌‌هێنن و هاووڵاتییانی مەدەنیش دەرفێنن.

لە دەشتاییەکانی سنووری پارێزگای ئەنبار، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (9ی ئاداری 2024)، چەکدارانی داعش پەلاماری چەند کەسێکی سڤیلیانداوە، کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دۆمەڵان بوون و سێ كەسیان رفاندوون و چارەنووسیان نادیارە.

ھەر لە ئەنبار لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی هێزەکانی عێراق بۆ نەهێشتنی پاشماوەکانی داعش، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو دوو ئەندامی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق كوژران.

ترس لە لە خۆڕێکخستنەوە و بەهێزبوونەوەی داعش، ھێزە ئەمنییەكانی عێراقی ناچار بە دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكان كردووەتەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، ئەمڕۆ شەممە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی وەعدولحەقی لە پارێزگای دیالە دەستیپێكرد، بە ئامانجی دۆزینەوەی حەشارگەی چەکدارانی داعش و راوەدوونانیان.

بەگوێرەی زانیاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، چەکدارانی داعش خۆیان لە شەڕی راستەوخۆ بەدوور دەگرن، بەڵکو پشت بە هێرشی لەناکاو و تاکە کەسیی و چاندنی بۆمب بەستووە.

لە بارەی هێرشی چەکدارانی داعش لە ساڵی رابردوو، سەنتەری رافیدەینی عێراقی توێژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، بە درێژایی ساڵی 2023، داعش زیاتر لە 175 هێرشی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا ئەنجامداوە، کە زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای ئەنبار بووە.

هێرشەکانی داعش لە عێراق 2023

پارێزگای ئەنبار

52 هێرش

پارێزگای کەرکووک

45 هێرش

پارێزگای دیالە

43 هێرش

پارێزگای نەینەوا

37 هێرش

 

رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی دیكەی عێراق و رێژەی یەک لەسێی خاکی عێراقی کۆنتڕۆڵکرد، سوپای عێراق بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاپەیمانی نێودەوڵەتی لە (10ی تەمموزی 2017)دا دوای ئازادکردنی مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوە، حكومەتی عێراق بە فەرمی کۆتاییھێنانی بە چەکدارانی داعش راگەیاند، بەڵام تاوەكو ئێستاش هێشتا شانە نووستووەکانی چالاکن و ناوبەناو هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیل.